دادگایەکی ئەمریکی لێپرسینەوە لە دامەزرێنەری فەیسبووک دەکات
مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا، بۆ یەکەمجار لەبەردەم دادگادا ئامادە دەبێت، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی باس لە کاریگەرییە خراپەکانی ئینستاگرام لەسەر تەندروستیی دەروونی منداڵان و گەنجان دەکەن.
ئەم ئامادەبوونەی زوکەربێرگ لە کاتێکدایە دادگاییکردنێکی گەورە لە لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەدەچێت، کە پەیوەندی بە پرسی ئالوودەبوونی منداڵان بە سۆشیال میدیاوە هەیە. هەرچەندە پێشتر زوکەربێرگ لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکادا ئیفادەی داوە، بەڵام ئەمەیان جیاوازە و لەبەردەم دەستەی سوێندخواردنی دادگادایە، وەک پێشهاتێکی یاسایی مەترسیدار بۆ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا ئەژمار دەکرێت.
سەرەتای ئەم کێشە یاساییە بۆ داوایەکی ژنێکی دانیشتووی کالیفۆرنیا دەگەڕێتەوە، باس لەوە دەکات لە تەمەنی منداڵییەوە ئالوودەی ئینستاگرام و یوتیوب بووە. لە داواکەیدا تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ مێتا و گووگڵ "بە ئەنقەست هەوڵیانداوە قازانج بکەن لە رێگەی راکێشانی منداڵان بۆ ناو پلاتفۆرمەکانیان، سەرەڕای ئەوەی زانیویانە زیان بە تەندروستیی دەروونیان دەگەیەنێت." ئەو ژنە دەڵێت: ئەم ئەپانە بوونەتە هۆی زۆر بوونی خەمۆکی و دروستبوونی بیرۆکەی خۆکوشتن لای.
ئەگەر مێتا لەم دۆسیەیەدا بدۆڕێت، رەنگە ناچار بکرێت بە پێدانی قەرەبووی دارایی یەکجار زۆر. ئەمەش نەک تەنیا زیانی داراییە، بەڵکو دەتوانێت تەواوی ئەو دیوارە بەرگرییە تێکبشکێنێت کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا ساڵانێکە دروستیان کردووە بۆ خۆپاراستن لەو تۆمەتانەی باس لە زیانگەیاندن بە بەکارهێنەران دەکەن.
ئەم دۆسیەیە بەشێکە لە هەڵمەتێکی گەورەی جیهانی داوای سنووردارکردنی سۆشیال میدیا بۆ منداڵان دەکات، ئوسترالیا و ئیسپانیا: بەکارهێنانی سۆشیال میدیایان بۆ منداڵانی خوار 16 ساڵ قەدەغە کردووە و فلۆریدا، یاسایەکی دەرکردووە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان بۆ خوار تەمەن 14 ساڵ، هەرچەندە کۆمپانیاکان لە دادگا تەحەدای ئەم یاسایە دەکەن.
تا ئێستا هەردوو کۆمپانیاکە تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە تایبەتمەندی زۆریان بۆ پاراستنی سەلامەتی بەکارهێنەران زیاد کردووە. مێتا پشت بە راپۆرتێکی "ئەکادیمیای نیشتمانی زانست" دەبەستێت کە دەڵێت: "توێژینەوەکان بە روونی نیشانی نادەن کە سۆشیال میدیا هۆکاری سەرەکی گۆڕانکاری لە تەندروستیی دەروونی منداڵاندایە."
چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکانی ئەم دادگاییە کاریگەری راستەوخۆی هەبێت لەسەر داهاتووی چۆنیەتی کارکردنی ئینستاگرام، فەیسبووک و یوتیوب لەسەر ئاستی جیهان.