کیم جۆنگ ئون پەردە لەسەر سیستمێکی مووشەکیی نوێ لادەدات و هەڕەشەی ئەتۆمی لە سیئۆل دەکات

(وێنە؛ ئەرشیف)
(وێنە؛ ئەرشیف)

کۆریای باکوور پەردەی لەسەر سیستمێکی مووشەکیی نوێی کە بۆ هێرشی تایبەت بەکار دێت و  میدیای دەوڵەتی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە؛ ئەم سیستمە توانایەکی بێهاوتای هەیە و دەتوانێت سەری ئەتۆمی بۆ هەر ئامانجێک لەناو خاکی کۆریای باشووردا بگوێزێتەوە.

کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، بە شێوەیەکی مەیدانی سەرپەرشتی ئاهەنگی ناساندنی ئەم سیستمە نوێیەی کرد. کیم لە میانی وتارێکدا ستایشی تواناکانی سیستمەکەی کرد و بە تایبەمەندییەکی بێوێنە لە جیهاندا وەسفی کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم چەکە "بۆ هێرشی تایبەت و جێبەجێکردنی ئەرکە ستراتیژییەکان" گونجێنراوە.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا (KCNA) لە زاری کیم جۆنگ ئونەوە بڵاویکردەوە، پەرەپێدانی ئەم سیستمە نوێیە لە چوارچێوەی پلانی وڵاتەکەیدایە بۆ بەرزکردنەوەی توانای ستراتیژی، بەتایبەت لەم کاتەدا کە نیمچە دوورگەی کۆریا بە دۆخێکی پڕ لە گرژیدا تێدەپەڕێت.

ئەم هەنگاوە نوێیەی پیۆنگ یانگ لە کاتێکدایە لە چەند مانگی رابردوودا زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی چەکی جۆراوجۆر ئەنجام دراون. ئەمەش سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی واشنتن و سیئۆل سەبارەت بە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی کۆریای باکوور.

چاودێران پێیان وایە ئەم نمایشە نوێیە پەیامێکی روونی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و نیشاندانی سەرسەختیی پیۆنگ یانگە لە بەرامبەر فشارە نێودەوڵەتییەکان.