ئێران: مەرج نییە تۆڵەی قاسم سولەیمانی سەربازی بێت

"ئێران نایەوێت عێراق بکاتە گۆڕەپانی شەڕ"

قاسم سولەیمانی
قاسم سولەیمانی

K24 - ھەولێر

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، مەرج نییە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بە رێگەی سەربازی بێت.

ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئاماژەی بەوەكرد، وڵاتەکەی دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادات و نایەوێت عێراق بکاتە گۆڕەپانی شەڕ.

مەسجدی، گوتی "مەرج نییە وەڵامدانەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بە رێگەی سەربازی بێت، بەڵکو دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، وەک تۆڵەکردنەوە وایە".

رەتیشیکردەوە، ئێران دەستی لە هێرشی مووشەکی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هەبێت و پشتیوانی لە هیچ گروپێکیش ناکات، ئەم کارە بکات.

ئەمە لەكاتێكدایە لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساڵیادی كوژرانی سولەیمانی بەشێك لە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، لە عێراق ھەڕەشە لە ھێزەكانی ئەمەریكا دەكەن.

رۆژی 3/1/2020، سوپای ئەمەریکا لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردە ئامانج.