هۆڵەندا رەتی دەکاتەوە چەکدارە داعشەکانی وەربگرێتەوە
حکوومەتی هۆڵەندا لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی ئەو چەکدارانەی داعش کە رەگەزنامەی هۆڵەندیان هەیە لەگەڵ کەسوکاریان بۆ وڵاتەکە روونیکردەوە و رایگەیاند، نیازیان نیە چەکدارەکان و کەسوکاریان بگەڕێننەوە.
حکوومەتی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی دواین ئامار 15 چەکداری داعش و کەسوکاریان رەگەزنامەی هۆڵەندیان هەیە، بەڵام لەوکاتەوەی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیکردەسەر رەققە و دێرەزوور و پێکدادان لەگەڵ هەسەدە دروست بوو، ئاگایان لە هاووڵاتیەکانیان نەماوە و نازانن چارەنووسیان چی بەسەرهاتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێش چەند رۆژێک حکوومەتی ئوسترالیاش رەتیکردەوە چەکدارەکانی داعش لە سووریا و عێراق وەربگرنەوە و وەرگرتنەوەی ئەو چەکدارانەی بە مەترسی لەسەر کۆمەڵگەی ئوسترالی وەسفکرد.
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ وردبینی و لێکۆڵینەوەی بۆ زیاتر لە 500 تۆمەتبار داعش کردووە، لەو نێوەندەشدا 157 نەوجەوان کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەیە جیاکراونەتەوە و دۆسیەکانیان رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی نەوجەوانان کراوە، بڕیار دراوە ئەم نەوجەوانانە بخرێنە خانەی چاکسازیی نەوجەوانان تاوەکو بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان و بە رەچاوکردنی تەمەنیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتی ئەو تۆمەتبارانەی لە سووریاوە رادەستی عێراق کراونەتەوە گەیشتووەتە 5704 کەس، کە هەڵگری 61 رەگەزنامەی جیاوازی وڵاتانی عەرەبی و جیهانین