خێزانە کوردە رفێنراوەکەی کۆبانێ ئازاد کران
دوای پێدانی پارە، خێزانە کوردە رفێنراوەکەی کۆبانێ ئازاد کران و لە لوبنان وەرگیرانەوە.
ئەنوەر حەبەش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، عەبدوڵڵا حەبەش عەتۆی برای و خێزانەکەی کە لە حەوت کەس پێکهاتوون، ئازاد کران؛ ئەمەش دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردنیان لە دۆخێکی سەختدا لە پارێزگای حومسی سووریا.
خێزانەکە لە ناوچەی "وادی خالید" لە لوبنان وەرگیرانەوە، پێشتر لە سووریاوە بۆ ئەو وڵاتە گواسترابوونەوە.
ئەنوەر حەبەش روونی کردەوە، پرۆسەی رادەستکردنی پارەکە شەوی رابردوو (چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026) لە لوبنان ئەنجام دراوە؛ چەند کەسێکی دەموچاوپێچراو بە ماتۆڕسکیلێک جانتای پارە رێککەوت لەسەرکراوەکەیان وەرگرتووە. راستەوخۆ دوای وەرگرتنی پارەکە، رفێنەران خێزانەکەیان ئازاد کردووە، ئەوان لە دۆخێکی مرۆیی و تەندروستیی زۆر مەترسیداردا دەستبەسەر کرابوون.
ئەنوەر ئاماژەی بەوە دا، عەبدوڵڵای برای و هاوسەر و پێنج منداڵەکەی ئێستا لە رێگەن بۆ شاری کۆبانێ. هەرچەندە لە رووی جەستەییەوە سەلامەتن، بەڵام بەهۆی ترساندن و ئەشکەنجە دەروونییەکەی لە ماوەی رفاندنەکەدا بەرامبەریان کراوە، دۆخی دەروونییان زۆر خراپە.
سەبارەت بەو کۆرپەیەی تەمەنی تەنیا هەشط رۆژە، برای رفێنراوەکە گوتی: "دۆخی تەندروستیی تا رادەیەک جێگیرە، بەڵام بڕیارە دوای گەیشتنیان بە کۆبانێ، راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانە بگوازرێتەوە بۆ پشکنینی پزیشکی، چونکە چەندین رۆژی لە ژێرزەمینێکی شێدار و بێ چاودێریی پێویست بەسەر بردووە."
ئازادکردنی ئەم خێزانە دوای ئەوە دێت کوردستان24 لە رێگەی رووماڵێکی چڕ و بەدواداچوونەوە، دۆسیەکەی ورووژاند و دەنگدانەوەی زۆری لە رای گشتیدا لێ کەوتەوە.