نوێترین کتێبە شیعری ئازا حەسیب قەرەداغی بەناوی کەزی بڵاوکرایەوە
ئازا حەسیب قەرەداغی، نووسەر و شێوەکار، نوێترین کتێبە شیعری خۆی بەناونیشانی "کەزی" بڵاوکردەوە، ناوەرۆکی کتێبەکە کۆکراوەی ئەو دەقانەی نووسەره کە لە ماوەی رابردوودا نووسیویەتی، لەسەر ئەرکی خۆی چاپی کردووە.
پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، ئازا حەسیب قەرەداغی، نووسەر و شێوەکار، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە شیعرییەکەی، بە کوردستان24ی گوت: قەبارە کتێبەکە مامناوەندە، ئەو دەقانەی ،تێدایە کە تایبەتە بە دۆخی ئەمساڵی رۆژهەڵات و بەرخودانی رۆژئاوای کوردستان و یەکڕیزی و خرۆشانە نەتەوەییەکەمان نووسیومن.
قەرەداغی گوتیشی: دوو دەقی نێو ئەم کتێبە لەلایەن هونەرمەندانەوە لە رێگەی ژیری دەستکردەوە کراونەتە گۆرانی، بەڵام بێگومان بڵاوکردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەرگیز لە رووی بەهای بە بەڵگەکردنەوە ناگات بەوەی لە دوو توێی کتێبدا بێت، بۆیە بڕیارمدا لەسەر ئەرکی خۆم لە کتێبێکدا کۆیان بکەمەوە.
دەربارەی هۆکاری ناوی "کەزی" بۆ کتێبە شیعرییەکەی، ئازا حەسیب قەرەداغی دەڵێت: لەبەر ئەوەی کەزی بووە سیمبول لە هەموو ئەو رابوونە نەتەوەییەدا و کۆکەرەوەی کورد بوو لە هەموو پارچەکانی کوردستان و چقڵێکی تیژیش بوو لە چاوی داگیرکەرانی کوردستان و هەموو ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی لەگەڵ کورددا ئەمەکدار و راستگۆ نەبوون، چەقی.
ئازا حەسیب قەرەداغی، نووسەر و شێوەکار، لەساڵی 1960 لەسلێمانی لەدایکبووە، هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمە لە کارگێڕی و بەکالۆریۆس و ماستەرە لە کۆمەڵناسی. خاوەنی چەندین دیوان و کتێبی شیعری چاپکراوە، تا ئێستا 11 پیشانگەی شێوەکاریی تایبەتی لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوە و لەگەڵ هونەرمەندانی کوردستانیشدا بەشداریی چەندین پیشانگەی هاوبەشی کردووە و ئەندامی ساندیکای هونەرمەندانە.