تیمی 'ئی پسوولە': ژمارەی بەکارهێنەرانی پڕۆژەکە 100 هەزاری تێپەڕاند
تەنیا لە ماوەی 9 رۆژدا؛ متمانەی هاووڵاتییان بە پرۆژەی 'ئی-پسوولە' ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد
لە چوارچێوەی پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و فراوانبوونی متمانەی هاووڵاتییان بە تەکنەلۆژیای دارایی، تیمی بەڕێوەبردنی پرۆژەی 'ئی-پسوولە' ئاشکرای دەکات کە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی بۆ دانەوەی کرێی کارەبا پشت بەم سیستەمە دەبەستن، 100 هەزاری تێپەڕاندووە.
پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، تیمی بەڕێوەبردنی پرۆژەی نیشتمانیی 'ئی-پسوولە'، لە راگەیەندراوێکدا داتاکانی پەیوەست بە ئاستی بەکارهێنان و ژمارەی بەشداربووانی سیستەمەکەی بڵاوکردەوە، کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە کولتووری پارەدان لە هەرێمی کوردستان.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، ئێستا زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتی بە شێوەیەکی کارا و بەردەوام، پۆرتال و سیستەمی "ئی-پسوولە" بەکاردەهێنن بۆ دانەوەی کرێ و قەرزەکانی کارەبا. ئەم ژمارەیەش ئاماژەیەکی روونە بۆ سەرکەوتنی ژێرخانی دیجیتاڵیی حکوومەت و دروستبوونی متمانە لە نێوان هاووڵاتی و سیستەمە ئەلیکترۆنییەکاندا.
تیمی بەڕێوەبردنی پرۆژەکە روونی کردووەتەوە، کە ئەم پرۆسەیە لە رێگەی تۆڕێکی فراوانی داراییەوە ئەنجام دەدرێت، کە پێکهاتووە لە حەوت بانک و جزدانی ئەلیکترۆنی. سەرجەم ئەم دامەزراوە داراییانە خاوەنی مۆڵەتی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دانپێنراون، ئەمەش گەرەنتییەکی یاسایی و دارایی تەواو دەداتە بەکارهێنەران بۆ پاراستنی ماف و پارەکانیان.
ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە ستراتیژیی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی رۆتین، نەهێشتنی بەکارهێنانی پارەی کاش و فەراهەمکردنی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان، تاوەکو بتوانن لە هەر کات و شوێنێکدا بن، بە چەند کلیکێک ئەرکە داراییەکانیان جێبەجێ بکەن.
رۆژی 10ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی سەکۆی "ئی-پسوولە"ـی راگەیاند.
ئەم سەکۆیە تاکە دەروازەی فەرمیی پارەدانی دیجیتاڵیی حکوومەتی هەرێمە و مۆڵەتپێدراو و پەسەندکراوی بانکی ناوەندیی عێراقە، کە ئامانج لێی نەهێشتنی رۆتینە، هەروەها شەفافییەتە لە کۆکردنەوەی داهات و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان.