فڕۆکەیەکی ئێران کەوتەخوارەوە و ئەفسەرێکی پلە باڵا گیانی لەدەستدا
فڕۆکەیەکی مەشق و راهێنانی هێزی ئاسمانی ئێران لە سنووری پارێزگای هەمەدانی ئێران کەوتەخوارەوە بەهۆیەوە ئەفسەرێکی فڕۆکەوانی پلە باڵا گیانی لەدەستدا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) ئەمڕۆ هەینی 20ی شوباتی 2026، لە زاری حەمزە ئومەرایی، جێگری پارێزگاری هەمەدان بۆ کاری سیاسی و ئەمنی بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەکە شەوی رابردوو لە ناوچەی نوبەران، کە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای هەمەدان و ئەراک (ناوەندی)، کەوتووەتەخوارەوە.
ئومەرایی ئاماژەیداوە، تیمە فریاگوزاریی و تەکنیکی چوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بکەن، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوە هیچ زانیارییەک بڵاو ناکەنەوە.
هەر لەمبارەوە، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی بنکەی ئاسمانی نۆژەی هەمەدان رایگەیاندووە، فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی لە کاتی ئەرکێکی شەوانەدا کەوتووتەخوارەوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی فڕۆکەوانی پلە باڵا گیانی لەدەستداوە و ئەفسەرێکی دیکەش بەسەلامی رزگاری بووە.