هونەرمەند ئاخین بە گۆرانییەکی تایبەت خۆشەویستیی خۆی بۆ ئامەدسپۆر دەردەبڕێت
ئاخین، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "ئامەد" بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "لە رێگەی موزیکەوە هەستی خۆشەویستی، پەیوەندی و پشتیوانیی خۆم بۆ ئەو یانەیە دەردەبڕم؛ یانەیەک لەلای زۆرێک لە کوردەوە تەنیا تیمێکی وەرزشی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ ناسنامە، کولتوور، زمان و مێژووی کورد."
هەینی، 27ی تشرینی دووەمی 2026، ئاخین، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم بەرهەمە نوێیەم، تێکستەکەی خۆم نووسیومە و رێناس میران کاری جێبەجێکردنی موزیکەکەی بۆ کردووە، ئاوازەکەشی بە هاوبەشیی من و رێناس میران دروست کراوە. لە بەرهەمهێنانی موزیکی ئەم کارەدا ژمارەیەک موزیکژەن بەشدارییان کردووە وەکو، دەرسیم کوردە، ئەلی ئەمەدی، حەسەن دۆسکی و لاوین حەکو. هەروەها سەدات دەمیر کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپی ئەو بەرهەمە کردووە."
ئاخین سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو گۆرانییە گوتی، "ئەو گۆرانییە بۆ من تەنیا گۆرانییەک لەسەر تیمێکی تۆپی پێ نییە، بەڵکو بە خۆشەویستی، باوەڕ و هەستێکی قووڵەوە بۆ ئامەدسپۆرم دروست کردووە؛ چونکە ئەو یانەیە لە دڵی خۆشەویستانی خۆیدا لە سنووری یاریگا تێدەپەڕێت و دەبێتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی خەڵک لە دەوری هەستێکی هاوبەش."
ئەو خانمە هونەرمەندە باسی لەوەش کرد، "ئەم یانەیە بۆ زۆرێک لە کوردەکان تەیا ناوی یانەیەکی وەرزشی نییە، بەڵکو هێمای پەیوەندیی خەڵکە بە ناسنامە، کولتوور، زمان و مێژووی خۆیانەوە، لە رێگەیەوە خۆشەویستی، هیوا، دڵخۆشی و هەندێک جاریش خەمەکانی گەل لە یەک هەستدا کۆدەبنەوە."
ئاخین، باس لە خۆشەویستی خۆی بۆ یانەی ئامەدسپۆر دەکات و دەڵێت، "پێم وایە هونەر تەنیا بۆ خۆشی و کات بەسەربردن نییە، بەڵکو زمانی دڵ و بیرهێنانەوەیە و رێگایەکە بۆ گواستنەوەی ناسنامە و کولتوور لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە. بۆیە هەوڵم داوە بە زمانی موزیک بەشداربم لەو هەستە هاوبەشەدا و بەرهەمێکی هونەری پێشکەشی خۆشەویستانی ئامەدسپۆر بکەم."
ئاخین لەکۆتاییدا هیواخوازە گۆرانییەکەی بگاتە دڵی هەموو خۆشەویستانی ئامەدسپۆر و ببێتە بەشێک لە خۆشەویستیی بێکۆتایییان بۆ ئەو یانەیە؛ چونکە ئامەدسپۆر بۆی تەنیا تیمێکی وەرزشی نییە، بەڵکو هەست، پەیوەندی و بەشێکە لە ناسنامەی کوردی."
ئاخین، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی شاری وانی باکووری کوردستانە. دایکی خوێندەوار بووە و هەمیشە پشتیوانیی لە بواری هونەریدا کردووە. ئەم گۆرانییە هەشتەمین گۆرانییە بڵاوی کردۆتەوە و 26 ساڵە لە بواری هونەردا کار دەکات.