ئایشەگوڵ دۆغان: پێویستە زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت

سبەی شەممە، رۆژی جیهانی زمانی دایکە و بەم بۆنەیەوە گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند: پێویستە بەربەستەکانی بەردەم زمانی کوردی هەڵبگیرێن و نابێت رێگری لە زمانی ملیۆنان کورد بکرێت.

ئایشەگوڵ دۆغان گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆ پاراستنی زمانی کوردی هەڵوێستی ئێمە روون و ئاشکرایە، پێویستە بەربەستەکانی بەردەم زمانی کوردی لە تورکیا هەڵبگیرێن و کۆتایی بە قەدەغەکردنی زمانی دایک بێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پێویستە تورکیا لە ناکۆکییەکان دوور کەوێتەوە، چونکە قەدەغەکردنی زمانی دایک لەگەڵ ماف و ئازادییەکان یەک ناگرێتەوە، ئەگەر کورد و  زمانی کوردی قەدەغە نەکرابا بارودۆخەکان بەمشێوەیە نەدەبوون، بۆیە پێویستە هەوڵبدرێت  زمانی کوردی لە تورکیا بە فەرمی بناسرێت، چونکە ئەمە داواکاری ملیۆنان خەڵکی کوردە.

21ـی شوباتی هەموو ساڵێک رێکخراوی یۆنسکۆ وەک زمانی دایک دیاریکراوە و ساڵانە لە تورکیا و باکووری کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری بۆ بە فەرمیکردنی زمانی کوردی بەڕێوەدەچن.