ئیسرائیل ھێرشێكی مووشەكی كردە سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە دیمەشق

سەربازێكی سووریا كوژرا و سێی دیكەش بریندار بوون

ئاسمانی دیمەشق بە رووناکیی مووشەکی ئەمەریکا رووناکبووەتەوە کە لەسەر فەرمانی ترەمپ لە 2018، هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێک لە پایتەختی سووریا. وێنە: Hassan Ammar | AP
ئاسمانی دیمەشق بە رووناکیی مووشەکی ئەمەریکا رووناکبووەتەوە کە لەسەر فەرمانی ترەمپ لە 2018، هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێک لە پایتەختی سووریا. وێنە: Hassan Ammar | AP

K24 - هەولێر

ئاژانسی فەرمیی حکومەتی سووریا (سانا)، رایگەیاند بەهۆی هێرشی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانیی سووریا لە دەوروبەری دیمەشق، سەربازێک شەهید بوو و سێی دیکە بریندار بوون.
  
بەپێی سەرچاوەیەکی سەربازی بۆ ئاژانسەکە، هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل کاتژمێر 01:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30-12-2020) کراوەتە سەر بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەی نەبی هابیل لە دەوروبەری دیمەشق.

هەرچەندە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی هەندێک مووشەک بتەقێنێتەوە، بەڵام وەک ئاژانسەکە دەڵێ "زیانێکی ماددی زۆر بە بنکەکە گەیشت، ئەمەش جگە لەوەی سێ سەرباز برینداربوون، یەکێکیشیان کوژرا".

لەوەتەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل و سووریا پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابووری لەنێوانیاندا نەبووە، لەراستیدا هەردوو وڵات بەردەوام لەدژی یەکدی لەشەڕدابوون. لەدوای ساڵی 2011ـەوە، کە دەستپێکی شەڕی ناوخۆیی سووریا بوو، چەندین جار رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەردوو وڵات روویداوە لە ناوچەی جۆلان.

هەتاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشە بڵاونەکردووەتەوە، کە ئاژانسی سانا باسی دەکات، بەڵام ئیسرائیل زۆر بە دەگمەن روونکردنەوە لەبارەی ئەو جۆرە هەواڵانە دەدات.

 

هـ.ر.