زێلێنسکی: ئامادەین سازشی راستەقینە بکەین لە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ رووسیا

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند: کە کیێڤ ئامادەیە سازشی راستەقینە لە پرۆسەی دانوستاندا پێشکەش بکات، بەڵام نەک لەسەر حیسابی سەربەخۆیی ئۆکرانیا.

هەینی، 20ـی شوباتی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە "تێلیگرام" نووسیویەتی: "ئێمە ئامادەین بۆ سازشی راستەقینە، بەڵام نەک سازش لەسەر حیسابی سەربەخۆیی و سەروەریمان".

پێشتر رۆژنامەنووس "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان لە کیێڤ بڵاوی کردبووەوە، کە زێلێنسکی دوای کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، فەرمانی بە راوێژکارانی کردووە پلانێکی جەنگی بۆ سێ ساڵی داهاتوو دابڕێژن.

لای خۆیەوە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا "کرێملین"، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە کە بەبێ یەکلاییکردنەوەی پرسی خاک بە پێی ئەو فۆرمولەیەی لە لوتکەی ئالاسکا رێککەوتنی لەسەر کراوە، هیچ هیوایەک بۆ چارەسەری درێژخایەن نییە. دەبێت هێزەکانی ئۆکرانیا لە دۆنباس بکشێنەوە، و ئەمەش مەرجێکی سەرەکیی مۆسکۆیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆخی هێزەکانی ئۆکرانیا لە هێڵەکانی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبن.هەروەها هەموو هەوڵەکانی رژێمی کیێڤ و پشتیوانە رۆژئاواییەکانی بۆ راگرتنی پێشڕەویی هێزەکانی رووسیا شکستیان هێناوە.

ئۆکرانیا نزیکەی چوار ساڵە بە پشتیوانی رۆژئاوا بەرگری لە خۆی دەکات لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا. لە وەرزی زستاندا رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەی وزەی ئۆکرانیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک چڕتر کردەوە.