ئەنجلێنا جولی بە یەکجاریی ئەمریکا جێدەهێڵێت
ئەنجلێنا جولی، خانمە ئەکتەری ئەمەریکی و چالاکوانی بواری مرۆیی، پلانی هەیە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ژیانی ئەمریکا جێبهێلێت، ئەوەش دوای چاوەڕوانییەکی درێژ تا ئەو کاتەی دووانەکەی، بە ناوەکانی ڤیڤیان و نۆکس، دەگەنە تەمەنی یاسایی (تەمەنی 18 ساڵی).
سەرچاوەیەکی نزیک بۆ گۆڤاری "people" ئاشکرای کردووە، ئەنجلێنا جولی، خانمە ئەکتەری ئەمەریکی و چالاکوانی بواری مرۆیی, هەرگیز ئارەزووی ئەوەی نەبووە لە لۆس ئەنجلس نیشتەجێ ببێت، بەڵام رێکخستنەکانی مانەوەی منداڵ لەگەڵ براد پیتی هاوسەری پێشووی ناچاری کردووە بمێنێتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی دوو منداڵەکەی کە دووانەن لە تەمەنی 18 ساڵی، لە 12ـی تەمموزی داهاتوودا، جولی لە هەموو کات زیاتر نزیک دەبێتەوە لە بەدیهێنانی خەونەکەی بۆ جێهێشتنی ئەمریکا.
هۆکاری سەرەکیی پشت ئارەزووی جولی بۆ ڕۆیشتن، شەش منداڵەکەیەتی. لە چاوپێکەوتنێکی پێشوودا لەگەڵ گۆڤاری "Hollywood Reporter"، روونی کردبووەوە، "ئەو مرۆڤایەتییەی لە جیهاندا دۆزیمەوە، هەمان ئەو مرۆڤایەتییە نییە کە لێرە لەگەڵی گەورە بووم"
ئەستێرە تەمەن 50 ساڵەکە پلانی هەیە زۆربەی کاتەکانی لە کەمبۆدیا بەسەر بەرێت، ئەو وڵاتەی کە پێگەیەکی تایبەتی لە دڵیدا هەیە، جگە لە سەردانیکردنی ئەندامانی خێزانەکەی لە هەر کوێیەکی جیهان بن.
جولی پەیوەندییەکی پتەوی بە کەمبۆدیاوە هەیە، کە لە ساڵی 2002 یەکەم منداڵی خۆی بە ناوی "مادۆکس"ـی لە وێ هەڵگرتەوە.
هاوکات، خانمە ئەکتەرە ئەمریکییەکە لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری "Vogue India"، ئاشکرای کرد: "کەمبۆدیا ئەو وڵاتەیە کە منی کردە دایک، لە ساڵی 2001، لە بەرنامەیەکی قوتابخانەیی بووم لەوێ و یاریم لەگەڵ منداڵێکی بچووک دەکرد، لە پڕ و بە روونییەکی زۆرەوە بیرم کردەوە کە کوڕەکەم لێرەیە، دوای چەند مانگێک، مادۆکسم لە خانەی بێسەرپەرشتان دۆزیەوە".
دوای دەستپێکردنی پەیوەندییەکەی لەگەڵ براد پیت، جولی دوو منداڵی دیکەی هەڵگرتەوە کە بە ناوەکانی زەهرا و پاکس، خۆشی سێ منداڵی بووە؛ شیلۆ و دووانەکەی ڤیڤیان و نۆکس. هەروەها پیت بە شێوەیەکی یاسایی هەر سێ منداڵە یەکەمەکەی جولی وەک منداڵی خۆی هەڵگرتەوە.
جولی باوەڕی وایە هەڵگرتنەوەی منداڵ کارێکی مرۆیی نییە هێندەی ئەوەی دیارییەکی دوولایەنەیە. هەروەها ساڵی 2088 بە گۆڤاری "ڤانیتی فێر"ـی راگەیاندبوو: "کاتێک بچووک بووم، دەمویست منداڵ هەڵبگرمەوە چونکە دەمزانی منداڵانی بێ دایک و باوک هەن، ئەوە قوربانیدان نییە، بەڵکو دیارییە، هەموومان بەختەوەرین بە بوونی یەکتر، هەست دەکەم ئەو منداڵییە دەبەخشمە منداڵەکانم کە بۆ خۆم ئاواتم بۆ دەخواست".