تاڵیبان لێدانی ئافرەتان و منداڵان بە یاسایی دەکات
حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان یاسایەکی نوێی سزادانی دەرکرد، بە شێوەیەکی فەرمی رێگە بە پیاوان دەدات توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر هاوسەر و منداڵەکانیان بەکاربهێنن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "تەلەگراف" کە کۆپییەکی یاسا نوێیەکەی دەستکەوتووە، یاساکە لە 60 لاپەڕە پێکهاتووە و واژۆی هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری باڵای ئەفغانستانی لەسەرە. لە یاساکەدا هاتووە، مێرد دەتوانێت بە ئازادی توندوتیژی دژی هاوسەر و منداڵەکانی بەکاربهێنێت، بەو مەرجەی لێدانەکان نەبنە هۆی شکانی ئێسک و نابێت برین بەسەر جەستەیەوە دیار بێت.
یاساکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر برینداربوونێکی سەخت بسەلمێنرێت، زۆرترین سزا تەنیا 15رۆژ زیندانییە. بەڵام چاودێران دەڵێن؛ سەلماندنی ئەمە مەحاڵە، چونکە ئافرەت دەبێت برینەکانی نیشانی دادوەرێکی پیاو بدات لەکاتێکدا خۆی بە تەواوی داپۆشراوە و دەبێت سەرپەرشتیارێکی پیاوی لەگەڵ بێت، زۆرجار خودی ئەو هاوسەرەیە کە دەستدرێژییەکەی ئەنجامداوە.
یاسا نوێیەکە نەک هەر توندوتیژی رێگەپێدراو دەکات، بەڵکو رێگری لە هەڵاتنی ژنانیش دەکات. هەر ئافرەتێک بەهۆی توندوتیژییەوە ماڵی خۆی بەجێبهێڵێت و بچێتە ماڵی دایک و باوکی، سزای تا سێ مانگ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. هەروەها ئەو ئەندامانەی خێزانەکەشی کە داڵدەی دەدەن، رووبەڕووی هەمان سزا دەبنەوە.
لە بەشێکی دیکەی یاساکەدا، جیاکاری لە نێوان خەڵکی ئازاد و کۆیلە کراوە. دادوەرەکان دەتوانن بەگوێرەی پێگەی کۆمەڵایەتی سزا بدەن؛ بۆ نموونە زانایانی ئایینی لەسەر هەمان تاوان تەنیا ئامۆژگاری دەکرێن، بەڵام کرێکاران رووبەڕووی سزای جەستەیی و زیندان دەبنەوە.
لە کەرتی پەروەردەشدا، مامۆستایان سەرپشک کراون لە لێدانی خوێندکاران، بەو مەرجەی نەبێتە هۆی شکاوی. هەروەها دایکان و باوکان مافی ئەوەیان پێدراوە لە تەمەنی 10 ساڵییەوە سزای جەستەیی منداڵەکانیان بدەن.
ئەم یاسایە ئەو چوارچێوە یاساییانەی ساڵی 2009 هەڵدەوەشێنێتەوە کە هاوسەرگیری زۆرەملێ و دەستدرێژی بە تاوان دەزانی. جگە لەمەش، یاسا نوێیەکە رەخنەگرتن لە بڕیارەکانی تاڵیبان و "گاڵتەکردن بە بڕیارە ئیسلامییەکان" بە تاوان دەناسێنێت و سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ دیاری کردووە.
چاودێران پێیان وایە ئەمە گۆڕانی تاڵیبانە لە بزووتنەوەیەکی چەکدارییەوە بۆ حکوومەتێک کە کۆنتڕۆڵی رەهای بەسەر وردوکارییەکانی ژیانی تایبەتی و گشتیی هاووڵاتیاندا هەیە، بەتایبەتی ئافرەتان کە لە دوای ساڵی 2021ەوە بەردەوام مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت.