وەزیرانی دەرەوەی ئێران و قەتەر دانوستانە ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئەمەریکا تاوتوێ کرد

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان عەباس عراقچی و سەرۆکوەزیرانی قەتەر بڵاو دەکاتەوە، کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر دواین پەرەسەندنەکانی دانوستانی ناڕاستەوخۆی تاران و واشنتن.

شەممە 21ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەو پەیوەندییەدا عراقچی و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی دواین پێشهات و وردەکارییەکانی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاگادار کردووەتەوە.

هەروەها هەر دوو لا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ناوچەکە و پەرەسەندنە نێودەوڵەتییەکان کردووە و جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگییەکان کردووەتەوە، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ ڕێڕەوی دیپلۆماسی و برەودان بە گفتوگۆکان.