ئه‌مه‌ریكا دوو فڕۆكه‌ی جۆری (B52)ی ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی كه‌نداو كرد
K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، له ماوه‌ی 45 رۆژی رابردوودا و له سێیه‌م ئه‌ركی سه‌ربازیدا ئه‌مه‌ریكا دوو فڕۆكه‌ی جۆری (B52)ی ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی كه‌نداو كرد.
جه‌نه‌راڵ كینیت، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌كه‌یدا گوتی: "ئێمه هه‌وڵی گرژی ناده‌ین.. به‌ڵام نابێت هیچ كه‌سێكیش له تواناكانمان بۆ به‌رگریكردن له هێزه‌كانمان له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی له‌ناكاو كه‌م بكاته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێران ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران بسه‌نێته‌وه و زانیارییه هه‌واڵگه‌رییه‌كانیش له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا له‌و باره‌یه‌وه جێگای نیگه‌رانین".
هه‌وره‌ها دووپاتیكرده‌وه، "چه‌ندین زانیاریمان تۆماركردووه، كه ئه‌وه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه، ئێران له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا به‌لێشاو چه‌كی جۆراوجۆری ره‌وانه‌ی ناو خاكی عێراق كردووه".
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه له هێرشێكی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كوژران، مه‌ترسییه‌كانی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی رووبه‌ڕوو له‌سه‌ر خاكی عێراق له‌نێوان تاران و واشنتن زیاتر بوونه.
H.B