بۆچی لەم کاتەدا خەمۆکی زستان زیاد دەبێت؟
لەگەڵ بەردەوامی وەرزی زستان و تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر سەرما و کەمبوونەوەی تیشکی خۆر، باری دەروونی زۆرێک لە خەڵک ڕوو لە سستی و تێکچوون دەکات. زۆر کەس لەم کاتانەدا وێڕای ئەوەی تووشی هیچ نەخۆشییەکی وەرزی نەبوون، بەڵام هەست بە ماندوێتی، بێهێزی و نەمانی تاقە دەکەن. پسپۆڕانیش هۆکارەکەی بۆ چەند لایەنێکی بایۆلۆجی و دەروونی دەگێڕنەوە.
دیتمار فینکلەر، لە نەخۆشخانەی زانکۆی ڤییەننا بۆ پزیشکی دەروونی، ڕوونی دەکاتەوە کە کەمبوونی ڕووناکی ڕۆژ بۆ ماوەی چەند مانگێکی لەسەریەک، دەبێتە هۆی بەکارهێنانی هەموو "یەدەگە جەستەیی و دەروونییەکان". فینکلەر ئاماژە بە چەمکێکی دەروونی دەکات بە ناوی بێئومێدبوونی چاوەڕوانی؛ ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤ لە ڕووی دەروونییەوە چاوەڕێی هاتنی بەهار دەکات، بەڵام لە واقیعدا تەمومژ و سەرما هەر بەردەوامە، ئەمەش فشارێکی زۆر دەخاتە سەر باری دەروونی.
لای خۆشییەوە، دیتر کۆنتس، پسپۆڕی خەو لە نەخۆشخانەی شاریتیێ لە بەرلین، دەڵێت جەستەی مرۆڤ لەگەڵ دەستپێکردنی پاییزدا دەچێتە دۆخی پاشەکەوتکردنی وزە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە لە وەرزی زستاندا ڕێژەی دەردانی هۆرمۆنی سێرۆتۆنین کە بە هۆرمۆنی بەختەوەری دەناسرێت لە مێشکدا بە ڕێژەی 20% بۆ 30% کەم دەبێتەوە.
کۆنتس جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕووناکی دەستکرد ناتوانێت جێگەی تیشکی خۆر بگرێتەوە، چونکە تیشکی خۆر زۆر بەهێزترە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کاتژمێری بایۆلۆجی جەستە هەیە.
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر چەند کەسێکی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە مرۆڤ لە وەرزی زستاندا پێویستی بە زیاتر لە یەک کاتژمێر خەوی زیادە هەیە بەراورد بە هاوین، بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە کاتەکانی کارکردن و قوتابخانە لەگەڵ گۆڕانکارییە وەرزییەکان ناگونجێنرێن. ئەمەش وادەکات خەڵکێکی زۆر کەمتر لەو بڕەی جەستەیان پێویستییەتی بخەون، کە دەرەنجامەکەی تێکچوونی مەزاج و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانە.
جگە لە نیشانە باوەکان، هەندێک کەس تووشی حاڵەتێکی توندتر دەبن کە پێی دەوترێت "تێکچوونی سۆزداری وەرزی" (SAD). بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی، ڕێژەی 1% بۆ 10%ی دانیشتووان بەپێی ناوچە جوگرافییەکان تووشی ئەم جۆرە خەمۆکییە دەبن، کە تێیدا ژنان و گەنجان پشکی شێریان بەردەکەوێت و زیاتر لە توێژەکانی دیکە کاریگەر دەبن.