جموجۆڵ و رێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ گەیاندنی پەیامێکی روونە بە ئێران

جموجۆڵ و رێکخستنەوەی هێزەکانی بۆ گەیاندنی پەیامێکی روونە بە ئێران

فڕۆکەی شەڕکەری ئەمەریکیی B52ـی بۆمبهاوێژ
فڕۆکەی شەڕکەری ئەمەریکیی B52ـی بۆمبهاوێژ

K24 - هەولێر

بەگوتەی فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئەمەریکا، وڵاتەکەی پیلانی "هێرشێکی ئاڵۆزی" بەرچاوکەوتووە لەدژی ئەمەریکا لە ناوچەکە، دوو فڕۆکەی شەڕکەری ئەمەریکیی B52ـی بۆمبهاوێژ، بە زیاتر لە 30 کاتژمێری بێ وەستان، لە ئەمەریکاوە گەیشتنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی پەیامێکی نوێ و روون بدەنە ئێران.

لە راگەیەندراوێکدا ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا رایگەیاند بەیانیی رۆژی سێشەممە فڕۆکەکان لە بنکەی هێزی ئاسمانیی مینۆت دەرچوون، ئەمەش دەبێتە سێیەمجار لەماوەی 45 رۆژی رابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بە ئەرک بەسەر کەنداودا بفڕێنێت. فڕۆکەکان بەبێ هیچ رێگری و رووداوێک فڕیون، هەتاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممەش، ئێران بە ئاشکرا هیچ هەڵوێستێکی رانەگەیاندووە.

فرانک ماککێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا رایگەیاند "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە جێگیرکردنی توانا سەربازییەکانی لە ناوەندی فەرماندەیی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك، هەروەها بۆ ئەوەی روونی بکاتەوە؛ ئێمە ئامادەین و توانامان هەیە وەڵامی هەموو جۆرە هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بدەینەوە کە رووبەڕووی ئەمەریکییەکان، یان بەرژەوەندییەکانمان دەبێتەوە".

رۆژی 3-1-2021 یەکەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە، لە هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە بەغدا.

فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئەمەریکا پێش فڕینی فڕۆکەکان بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ فۆکس نیوز و گرووپێکی کەمی رۆژنامەوانان، قسەی کردووە و گوتوویەتی، راپۆرتێکی ئەم دواییەی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا، دەڵێ "ئێران دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە". فەرماندەکە داوای کردووە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە، ناوی بڵاونەکرێتەوە.

ئەو زانیارییەی هەواڵگری "مایەی نیگەرانییەکی زۆرە"، فەرماندەکە دەڵێ لە مانگی ئایاری 2019 بەرپرسانی ئەمەریکا تێبینییان کرد ئێران ژمارەیەکی زۆر چەک دەهێنێتە عێراق، بەو هۆیەوە ئەو کاتە داوایان کرد، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن بنێردرێتە ناوچەکە.

ناردنی ئەو فڕۆکە بۆمبهاوێژە، دوای یەک هەفتە دێت لە هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ئێران بەهۆی ئەوەی لە 20-12-2020ـدا21 مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کران لە بەغدا، ئەمەش گەورەترین هێرش بوو بۆ سەر ئەو دامەزراوە دیپلۆماسییە لەماوەی دەیەی رابردوودا.

بەرپرسە سەربازییە باڵاکە هەروەها گوتوویەتی ئەگەرهەیە "هێرشی ئاڵۆزی دیکەش" بکرێتە سەر ئەمەریکییەکان لە عێراق، "پێموایە، ئەگەر هەیە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بەشێوازێک لە شێوازەکان دووبارە هێرشی بکرێتەوە سەر".

فەرماندەکە باس لەوە دەکات ئەمەریکا "بەو پلانانەدا دەچێتەوە (بۆ رووبەڕووبوونەوەی) هێرشی ئاڵۆز، بەتایبەتی لە عێراق، کە پێویستی بە یارمەتیی ئێرانییەکان دەبێت تاوەکو جێبەجێ بکرێت"، دەشڵێ "بۆمان روون نییە، ئایا پیلانی لەناکاوە، یان پیلانێکە بەهۆی ئەوەی رەزامەندی لەسەر دراوە، تەنیا هەوڵدەدەن هەموو پارچەکانی لەسەر ئەرزی واقع یەکبخەن و جێبەجێی بکەن".

بەگوتەی ئەو فەرماندەیە، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر شوێن هەن، بۆ ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێرش لەدژی ئەمەریکییەکان ئەنجامبدرێت، "ئەوەی کە مایەی زۆرترین نیگه‌رانییه‌، عێراقە".

"دەبینین ژمارەیەک چەکی پێشکەوتوو و لە چەندین جۆری جیاواز، دەگوێزرێنەوە نێو سنووری عێراق، ئاڕاستەی هەڕەشەکە زۆر جدییە''. 

لەکاتێکدا پرسیاری لێکراوە، "ئێران پیلان دادەڕێژێت بۆ ئەنجامدانی چ جۆرە هێرشێکی ئاڵۆز؟''، بەرپرسەکە گوتوویەتی هێرشی بالیستی کورتمەودا، یان رەنگە هێرشی مووشەکی لەڕێگەی کەشتیەوە و "کواد کۆپتەر" هاوشێوەی ئەوەی لە هێرشی سەر دامەزراوەی پرۆسێسکردنی نەوتیی ئارامکۆی سعودیە بەکارهات لەساڵی رابردوودا.

لەدوای هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، عێراق ژمارەیەک کەسی دەستگیرکردووە، بەرپرسە ئەمەریکییەکە دەڵێ "عێراقییەکان لێرەدا بەڕاستی هاتوونەتە پێشەوە بۆ رێگریکردن لەهەر هێرشێکی دیکە لە داهاتوودا بۆ سەر ئەمەریکییەکان".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، بەرپرسەکە گوتوویەتی "هەموو پلانەکانی سوپای ئەمەریکا لەدژی ئێران بۆ بەرگرین، ئەمەش وەکو خۆپارێزییەک لە ئەگەری هەر هێرشێکی دیکەی ئێران لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا".

هەفتەی رابردوو ژێردەریایی یو ئێس ئێس جۆرجیا، کە بە ئەتۆم کاردەکات بە 154 مووشەکی تۆماهۆکەوە بە گەرووی هۆرموزدا تێپەڕی، ئەمەش لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا یەکەمجاره‌ بە ئاشکرا رابگەیەنرێت، ئەو ژێردەرییاییە،  هەردوو کەشتیی پۆرت رۆیاڵ و فلیپین سی، کە هەریەکەیان دەیان مووشەکی کروزیان هەڵگرتبوو بەڕێکەوتبوون، لەکاتێکدا تێکشکێنەری مووشەکی جۆن پۆڵ لە مانۆڕەکانی بەردەوام بوو لە کەنداو.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا گوتوویەتی، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتیز ئێستا لە کەناری سۆماڵیایە لەنێو زەریای هیندی، بەڵام دەکرێت بنێردرێتەوە دەریای عەرەب و لەڕێگەی دەیان فڕۆکەی ئێف 18ـی سوپەر هۆرنێت هێرش بکات، ئەگەر پێویست بێت.

مانگی رابردوو ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی جەنگیی ئێف16ـی ئەمەریکی لە ئەڵمانیاوە گەیشتنە بنکەی ئاسمانیی ئەلزەفرا لە ئیمارات. بەرپرسەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئامانج لە فڕۆکە جەنگییەکان و زیادکردنی هێزەکانمان لە کەنداو لەماوەی چەند رۆژی رابردوو، بۆ ئەوەیە پەیامێکی روون بدەینە ئێران: ئەگەر ئەوان بڕیاربدەن هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان، ئێمە توانامان هەیە وەڵامیان بدەینەوە".


سەرچاوە: foxnews

Fly Erbil Advertisment