دیسانه‌وه پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا كه‌سێكی كوشت
دوای رووداوه‌كه‌ی خۆپیشاندان ئه‌نجامداراوه و ترسی پۆلیس ئه‌وه بوو كه خۆپیشانده‌ران به‌نزینخانه‌كه بسووتێنن
K24 - مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا:
ئێواره‌ی دوێنێ 30ی كانوونی یه‌كه‌م، كاتژمێر 6:15 له نزیك ترافیك لایتی شه‌قامی 36 و ساوس سیده‌ر ئهڤینو له شاری مه‌نیئاپلس-ی ویلایه‌تی مینیسۆتا، ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس ته‌قه‌ی له پیاوێك كرد و له ئه‌نجامدا گیانی له‌ده‌ستدا.
له‌دوای رووداوه‌كه به‌درێژایی شه‌وی رابردوو پۆلیس له‌ناوچه‌كه بڵاوبۆوه و كوڕان و كچانی گه‌نجی مه‌نیئاپلس-یش تا 2ی شه‌و له ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانیان به‌رده‌وامبوون.
كاتژمێر 2ی شه‌و وێڕای سه‌رمایه‌كی توند كه پله‌ی گه‌رمی (-12) پله‌ی سیلیزی بوو واته 12 پله ژێر سفر بوو، كه‌چی زیاتر له 150 كه‌س له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به دروشمی دژ به پۆلیس درێژه‌یان به خۆپیشاندا.
به‌پێی وته‌ی شایه‌تحاڵێكی به ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب له‌شوێنی رووداوه‌كه، له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه به كوردستان 24ی راگه‌یاند كه رووداوه‌كه له نزیك به‌نزینخانه‌ی هۆلیدای روویدا، بۆیه ترسی پۆلیس ئه‌وه بوو كه خۆپیشانده‌ران به‌نزینخانه‌كه بسوتێنن.
هه‌روه‌ها میداریا ئاردۆندۆ ئه‌فسه‌ری باڵای پۆلیس له شوێنی رووداوه‌كه به میدیاكانی راگه‌یاند كه شایه‌تحاڵه‌كانی شوێنی رووداوه‌كه باس لهوهدهكهن كه گومانلێكراوه‌كه سه‌ره‌تا ته‌قه‌ی كردووه و پۆلیس وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و دواتر گیانی له‌ده‌ستداوه.
به‌ڵام یه‌كێك له خۆپیشانده‌ره‌كان له شوێنی رووداوه‌كه وتی: "رێگه به ره‌فتاری تاوانكاری وێرانكه‌ر ناده‌ین" وتیشی: "ئێمه پێویسته له‌شوێنی رووداوه‌كه بمێنینه‌وه و ده‌بێت هه‌موو كامێراكانی چاودێری له‌سه‌ر سكرینێك له‌م شوێنه نمایشكرێت".
جاكوب فرای سه‌رۆكی شاره‌وانی مه‌نیئاپلس له نیوه‌شه‌وی دره‌نگاندا به‌یاننامه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی ده‌رباره‌ی رووداوه‌كه رایگه‌یاند: "له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردووی ئه‌مساڵدا چه‌ندین رۆژی ره‌ش له شاره‌كه‌ماندا تێپه‌ڕی. ئێمه ئه‌زانین كه زۆربه‌ی ژیانی گۆڕیی بۆشاییه‌كی گه‌وره دروستبوو له‌نێوان ره‌نگه‌كاندا ده‌مانه‌وێت راستگۆیی بۆ نێوان ره‌نگه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا بگێڕینه‌وه و یاسا رۆڵی خۆی بینی. بۆ ئه‌م رووداوه‌ش له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی لێكۆڵینه‌وه‌داین.
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێت: "ئومێدهخوازین كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ئاشتی و هێمن بێت و رێگه‌بده‌ن به‌ڵگه به‌رده‌سته‌كانی شوێنی رووداوه‌كه كۆكه‌ینه‌وه. رێگه‌مان بده‌ن تا راستی رووداوه‌كانی شه‌وی رابردوو به‌ته‌واوی بخه‌ینه‌ڕوو".
له دوای رووداوی كوشتنی جۆرج فلۆید له 25 ئایار له‌سه‌ر ده‌ستی 4 پۆلیس، ئه‌مه یه‌كه‌مین كرده‌وه‌ی كوشتنه له‌سه‌رده‌ستی پۆلیسی مه‌نیئاپلس رووده‌دات. به‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی جۆرج فلۆید-ه‌وه وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ر چوار پۆلیسه‌كه سزا دران، بووه هۆی زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندانی به‌رفراوان له‌سه‌رتاسه‌ری ئه‌مه‌ریكا. كه سه‌رئه‌نجام چه‌ندین ریفۆرمی گه‌وره له بواری پۆلیسدا روویدا.