کیم جۆنگ ئون وەک سکرتێری گشتیی پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور هەڵبژێردرایەوە

(وێنە؛ ساتی هەڵبژرادنەوەی سکتێری گشتیی پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور، کیم جونگ ئۆن)
(وێنە؛ ساتی هەڵبژرادنەوەی سکتێری گشتیی پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور، کیم جونگ ئۆن)

کۆریای باکوور لە میانی کارەکانی کۆنگرەی نۆیەمی پارتی کرێکارانی وڵاتەکەیدا، بە فەرمی کیم جۆنگ ئونی وەک سکرتێری گشتیی پارتی دەسەڵاتدار هەڵبژاردەوە. لەم کۆنگرەیەدا کە بە گرنگترین دەزگای بڕیاردەر لە وڵاتدا دادەنرێت، ستایشی پێشخستنی تواناکانی رێگری ئەتۆمی کرا کە لەژێر سەرکردایەتی کیم جۆنگ ئوندا بەدەست هاتوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا (KCNA)، هەڵبژاردنەوەی کیم بە پشتیوانی ئەندامانی پارتەکە، جەماوەر و هێزە چەکدارەکانەوە بووە، ئەمەش بە ئامانجی بەهێزکردنی بنەماکانی پارتەکە و گەیشتن بە خۆشگوزەرانی بۆ میللەت. لە بڕیارنامەی کۆنگرەکەدا بە تایبەتی ئاماژە بەوە دراوە، کیم توانیویەتی هێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ هەر ئەگەرێکی شەڕ ئامادە بکات و توانای ئەتۆمی وڵاتەکە بگەیەنێتە ئاستێکی وا کە لەلایەن نەیارەکانییەوە وەک هێزێکی ترسناک دانی پێدا بنرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ڕی ئیلهوان، سکرتێری پارتەکە لە وتارێکدا جەختی کردەوە سەرەڕای هەموو سزا و ئاستەنگەکان، تەنیا کیم جۆنگ ئون توانای ئەوەی هەیە گۆڕانکارییەکان بەرەو ئاییندەیەکی گەش و خۆشگوزەرانییەکی بەردەوام بەڕێوەببات. کۆنگرەکە پێنج ساڵ جارێک ساز دەکرێت، تێیدا پەیڕەوی ناوخۆی حزب هەموارکرایەوە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئاراستە و پلانە نوێیەکانی وڵات لە بوارەکانی ئابووریی، بەرگریی و دیپلۆماسی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو رابگەیەندرێن.