لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک جەخت لە یەکهەڵوێستی دەکەنەوە

ئەمڕۆ لایەنە کوردستانییەکان لە شاری کەرکووک کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دۆخی شارەکە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نوێنەری زۆربەی حزبە کوردییەکان ئامادەی بوون، پەیامی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییان دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، لایەنە کوردستانییەکان رایگەیاند: "ئەمڕۆ لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک کۆبوونەوە و هەموومان یەکهەڵوێست بووین لەسەر ئەوەی پرسە نەتەوەییەکان بە بەرزی رابگرین و پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە شارەکەدا."

هەروەها دەستخۆشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرا بۆ رووماڵکردنی بەردەوامی چالاکییەکان و گەیاندنی دەنگی لایەنەکان، ئاماژە بەوەش درا راگەیاندن دەورێکی باڵای هەبووە لە نیشاندانی یەکڕیزی لایەنەکان لە کەرکووک.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ناوچە جێناکۆکەکان و بە تایبەت کەرکووک، بە قۆناغێکی سیاسی هەستیاردا تێپەڕ دەبن و لایەنە کوردستانییەکان هەوڵ دەدەن لە رێگەی یەکڕیزییەوە رووبەڕووی تەحەددییەکان ببنەوە.

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری خانەقین، نوێنەری لایەنە کوردییەکان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانانی شارەکە، بێزاری خۆیان لە بڕیاری بە شارۆچکە کردنی هەردوو ناحیەی "گوڵاڵە (جەلەولا) و قەرەتەپە" دەربڕی.

بەگوێرەی گوتەی بەشداربوانی کۆنگرەکە، ئەم بڕیارەی حکوومەتی فیدراڵ هیچ بنەمایەکی یاسایی و کارگێڕی نییە و تەنیا ئامانج لێی بچووککردنەوەی سنووری شارۆچکەی خانەقینە. ئاماژەیان بەوەش کرد، خانەقین لە گەورەترین شارۆچکەی پارێزگای دیالەوە، ئێستا خەریکە دەکرێتە شارۆچکەیەک کە هیچ شارەدێیەک بەسەرەوە نەمێنێت، دوای ئەوەی شارەدێیەکانی بەمۆ، جەبارە، سەعدیە و ئێستاش گوڵاڵە و قەرەتەپەی لێ جیا دەکرێتەوە.

چالاکوانانی خانەقین لە کۆنگرەکەدا رایانگەیاند: "ئەمە پلانێکی مەترسیدارە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و لاوازکردنی پێگەی کورد. مۆڵەتی 48 کاتژمێر دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، بە پێچەوانەوە دەست بە خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی فراوان دەکەین."

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد و فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا کرا، بە خێرایی بێنە سەر خەت و ڕێگری بکەن لەو پەراوێزخستنە کارگێڕی و سیاسییەی کە بەرامبەر بە خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێت.