لە بەسرە قەیرانی سووتەمەنییە

(وێنە؛ یەکێک لە وێستگەکانی بەنزین لە بەسرە)
(وێنە؛ یەکێک لە وێستگەکانی بەنزین لە بەسرە)

پارێزگای بەسرە رووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی بووەتەوە، هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندانی کارمەندانی کۆمپانیاکانی خۆپاراستنی کەرتی نەوت. ئەم دۆخە بووە هۆی دروستبوونی ریزی درێژی ئۆتۆمبێل لە بەنزینخانەکاندا لە ترسی پەککەوتنی دابەشکردنی سووتەمەنی بەهۆی مانگرتنەکانەوە.

کارمەندە ناڕازییەکان لە ناوەندی بەسرە گردبوونەوە و دژایەتی خۆیان بۆ هەر کەمکردنەوەیەکی پاداشت و قازانجەکانیان دەربڕی. ئەوان داوای هەڵوەشاندنەوەی راسپاردەکانی ئەو لیژنەیەیان دەکرد، بۆ پێداچوونەوە بە شایستە داراییەکانیان پێکهێنرابوو.

عەبدوڵڵا عەتی، نوێنەری خۆپیشاندەران، رایگەیاند: هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوە یان دواخستنی شایستەکانیان بە تەواوی رەتدەکەنەوە و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا"ی دەزانن. ناوبراو هۆشداریدا، کارمەندان هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرنەبەر، لەوانەش پەنابردنە بەر دادگا و راگرتنی هاوکارییە کارگێڕییەکان.

چەند کاتژمێرێک پێش خۆپیشاندانەکەی بەسرە، کارمەندانی پاڵاوگەی کەربەلاش مانگرتنێکیان لەناو پاڵاوگەکەدا ئەنجامدا و ناڕەزایەتی خۆیان دژی بڕیاری کەمکردنەوەی داراییەکان دەربڕی و جەختیان لەسەر پاراستنی مافەکانیان کردەوە.

بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان پێشنیازیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ رێکخستنەوەی میکانیزمی پاداشت و قازانجەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان. شایەنی باسە، لە مانگی یەکی ساڵی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری دەرکردبوو کە کەمکردنەوەی سەدا 30 هاندانەکانی کارمەندانی وەزارەتی نەوت و هەڵوەشاندنەوەی دەرماڵەی کاری زیادەی لە وەزارەتی کارەبادا لەخۆگرتبوو.