ساڵی 2020 بۆ ته‌ندروستی كوردستان ساڵێكی سه‌خت بوو

"پابەندبوون و ھاوكاری ھاووڵاتییان ژمارەی قوربانییانی كۆرۆنای كەمكردەوە"

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و تیمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌كاتی گه‌ڕان به‌ناو نه‌خۆشخانه‌كانی كۆرۆنادا له‌ ساڵی 2020
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و تیمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌كاتی گه‌ڕان به‌ناو نه‌خۆشخانه‌كانی كۆرۆنادا له‌ ساڵی 2020

K24- هه‌ولێر:

لەگەڵ ئەوەی ساڵی 2020 تاقیکردنەوەیەکی سەخت بوو بۆ سیستەمی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، بەڵام رێكکارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاریكردن له‌ ژیانی ھاووڵاتیان دەرەنجامی باشی هه‌بوو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی 2020 ساڵێکی قورس و ماندووکەر بوو بۆ سیستەمی تەندروستی، بەڵام پابەندبوونی ھاووڵاتییان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی و  پشتگیری و ھاوکاریی تەواویان بۆ تیمەکانی تەندروستی، ژمارەی قوربانیانی کەمکرده‌وه.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ و تۆمارکردنی یەکەم حاڵه‌تی تووشبوون لە ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ تیمی وەزارەتی تەندروستی له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا بوو و بەردەوام پرسیار و بەدواداچوونی خۆی دەکرد و بەردەوام پاڵپشتیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا زیاد دەکرد و ھەموو ھاوکارییەکی پێشکەش به‌ وەزارەتی تەندروستی کرد، دەستی ھەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکانی بۆ ھەڵمەتەکانی خۆپاریزیش کردەوه‌.

ھەرزوو لە ھەرێمی کوردستان رێكکارەکانی خۆپارێزی و کەرەنتینە راگەیەنران، ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی کرا، ساڵی 2020 لەگەڵ ئەوەی تاقیکردنەوەییەکی سەخت بوو بۆ سیستەمی تەندروستی و ئەوانەی لەو بوارەدا کار دەکەن، بەڵام رێكکارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاریكردن له‌ ژیانی ھاووڵاتیان دەرەنجامی باشی لیکەوتەوە .

دكتۆر کاروان یەکێکە لەو پزیشکانەی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆروناوە خزمەت دەکات، ئەو لەگەڵ ئەوەی دژی کۆرۆنا دەجەنگا، بەڵام پێی وایە رێكکارەکانی حکومەت ئەرکی سەرشان و ماندوبونی ئەوانی کەم کردەوە .

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە دانانی رێكکارەکانی خۆپارێزی و رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە کۆتایی مانگی دووی 2020 بە شاھیدی رێکخراوی تەندروستی جیھان "WHO"، سەلماندی کە باشترین رێكکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووه‌تەبەر و ژیانی ھاووڵاتیانی پاراست و ژمارەی قوربانیانی کەمکردەوە .

له‌وباره‌شه‌وه‌ دكتۆر ئاسۆ حه‌وێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ده‌ڵێت: لەگەڵ ئەوەی 2020 ساڵێکی قورس و ماندووکەر بوو بۆ سیستەمی تەندروستی، بەڵام خۆيان بەدەستەوەنه‌دا و ئەوەی کرا بۆ پاراستنی گیانی ھاوولاتیان بوو.

ڤایرۆسی کۆرۆنا وایکرد بایەخی حکومەت و دامەزراوەکانی بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی بێت. سەرجەم خزمەتگوزارییەکان خرانە خزمەت کەرتی تەندروستی و دابینکردنی پێداویستییەکان، ئەمە جگە لە پزیشکان، پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی، کە لە پێشەوەی ئەم جەنگە بوون  .

زیاتر لە 93 ھەزار و 500 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە 3 هه‌زار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان له‌ده‌ستدا، ئەمە جگە لەوەی لە سەرەتای کۆرۆناوه‌ ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕانەوە لەسەر ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کەرەنتینە دەکران، نزیکەی 21 ھەزار و 871 کەس کەرەنتینەکران و 33 تاقیگەی تایبەت بۆ پشکنین کرانەوە و زیاتر لە 938 ھەزار پشکنین ئەنجام دراون.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو توانای خۆی لە بواری مرۆیی و دارایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە خستەگەڕ، بە چەند قۆناغێکی جیاواز بڕی 24 ملیار و 890 ملیۆن و 162 ھەزار دینار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تەرخان کرا و 24 ملیار دیناریش لەسەر بوجەی حکومەت تەرخان کرا، ئەمە جگە لە بوجەی دابینکراو بۆ وەزارەتی تەندروستی، کە لە 60% بۆ 70% بوو، هه‌روه‌ها بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ دامەزارندنی 500 پەرستاری زانکۆ و یاریدەدەری سڕکار تەرخان کرا.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشاھێدی رێکخراوی تەندروستی جیھانی و ناوەندە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتوو بوو لە جەنگی لەگەڵ کۆرۆنا، کە ئێستاش بەردەوامە و رێنمایی و رێکكارەکانیش بەردەوام دەبن، تا مەترسییەکە لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان کەمدەبیتەوە .

H.B