پلاندانانی عێراق: نزیکەی 600 هەزار کەس لە نێو خانووی زێدەڕۆ و کابینەدا دەژین
عێراق.. زیاتر لە 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی نایاسایی تۆمار کراون
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد، سەدان هەزار هاووڵاتیی وڵاتەکە لە نێو کابینە، خانووی قوڕ و خێمەدا ژیان بەسەر دەبەن.
سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند: دۆسیەی شوێنە نیشتەجێبوونە هەرەمەکییەکان (عەشوائیات) دۆسیەیەکی ئاڵۆزە ساڵانێکە بەهۆی زیادبوونی دانیشتووانەوە لە فراوانبووندایە. سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە ڕەشنووسی یاسایەک بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کراوە و چەندین حکوومەت و خولی پەرلەمانی بە ڕێ کردووە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی لەسەر بڕگەکانی، تا ئێستا نەبووەتە یاسا".
هینداوی روونی کردەوە کە وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نیشتەجێکردنی مرۆیی رەشنووسێکی ئامادە کردبوو، بەڵام پەسەند نەکرا.
ئاماژەی بەوەش دا، چارەکردنی ئەم قەیرانە کاتی دەوێت، چونکە تێکەڵ بە بابەتی زێدەڕۆیی (تەجاوز) بۆ سەر زەوییەکانی دەوڵەت و گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ یەکەی نیشتەجێبوونن.
بە گوێرەی سەرژمێری، ژمارەی خانووەکان لە عێراق گەیشتووەتە (8,37,221) خانوو، کە رێژەی خانووی قوڕ و جۆرەکانی دیکە (کابینە، خێمە، کۆخ) نزیکەی 1.3%ـی کۆی گشتی پێک دەهێنن، واتە نزیکەی 104 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی نایاسایی هەیە کە 500 بۆ 600 هەزار کەسی تێدا دەژین.