لە دێرەزوور داعش هێرش دەکاتە سەر دوو بازگەی ئەمنی

(وێنە؛ ئەرشیف ئەی ئێف پی)
(وێنە؛ ئەرشیف ئەی ئێف پی)

لەگەڵ زیادبوونی جموجۆڵەکانی رێکخراوی داعش، دوو بازگەی ئەمنیی لە شارۆچکەکانی باغۆز و سووسە لە گوندەکانی دێرەزوور کرانە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، چەند چەکدارێکی نەناسراو کە گومان دەکرێت سەر بە شانە نادیارەکانی داعش بن، هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باغۆز و ناوەندێکی ئەمنیی لە شارۆچکەی سووسە. تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەم هێرشانە رانەگەیەندراوە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی لە دێرەزوور و رەققە زیادیان کردووە. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن ئەم هێرشانە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی (ئەبو حودەیفە ئەنساری) گوتەبێژی داعش دێت، تێیدا داوای چالاککردنەوەی خانەکانی رێکخراوەکەی لە ناوچەکەدا کردبوو.

رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و کۆچبەران لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە بولتەنی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند: کەمپی هۆڵ، کەمپێکی تەواو مەترسیدار بوو لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە داخەوە بە داخستنی کەمپی هۆل، ئێستا ئەو خێزانانەی داعش کە لەو کەمپەبوون بە تەواوی سووریادا بڵاوبوونەتەوە، تەنیا بەشێکی کەمیان گواستراونەتەوە بۆ کەمپی ئاک بورهان باکووری حەلەب.

شێخمووس ئەحمەد لە بارەی ئاماری دروستی خێزانەکانی نێو کەمپی هۆل گوتی: بەرلەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کەمپەکە بکشێتەوە، بە گشتی حەوت هەزار خێزان لەو کەمپە بوون، کە سەرجەمیان دەیکردە 24 هەزار کەس، لەنێویاند 15 هەزاریان هاووڵاتیی سووری بوون و 6500 کەسی دیکەش، خەڵکی بیانی بوون کە هاووڵاتیانی 42 وڵاتی جیاواز بوون. نزیکەی 3000 خەڵکی عێراق بوون، ئێستا بە هەڵاتن و ئازادکردنی خێزانەکانی کەمپی هۆڵ، ئەو بۆمبە تەوقیتکراوە بە تەواوی سووریادا بڵاوبووتەوە.