فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف-16ـی تورکیا کەوتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری (F-16)ی سەر بە هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی لە بنکەیەکی ئاسمانی، کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە: "کاتژمێر 12:56خولەکی بەرەبەیان، پەیوەندیی رادیۆیی و زانیارییەکانی شوێنی فڕۆکەکە پچڕا، کە لە بنکەی ئاسمانیی نۆیەمی سەرەکی لە 'بالیکسیر'ەوە هەڵفڕیبوو. دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن، پاشماوەی فڕۆکەکە دۆزرایەوە و دەرکەوت کە کەوتووەتە خوارەوە."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە؛ فڕۆکەوانەکە گیانی لەدەستداوە و ئێستا لێژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوە ئاسمانییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی هۆکارە راستەقینەکانی ئەو رووداوە.