ئاگادارکردنەوەیەکی بەپەلە بۆ بەکارهێنەرانی ئایفۆن
توێژەرانی ئاسایشی سایبەر (Cyber Security)، هۆشدارییان دا لە پرۆسەیەکی نوێی فێڵبازی کە بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی Apple وەک ئایفۆن و ئایپاد دەکاتە ئامانج، ئەویش لە رێگەی خراپ بەکارهێنانی تایبەتمەندی "داوەتنامەکانی رۆژژمێر" (Calendar invites)، بەبێ ئەوەی پێویست بە دابەزاندنی هیچ ئەپڵیکەیشنێکی زیانبەخش بکات لەسەر ئامێرەکە.
چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، توێژەرانی ئاسایشی سایبەر (Cyber Security)، ئاشکرایان کردووە، ئەم فێڵە پشت بە ناردنی داوەتنامەی ساختەی رۆژژمێر دەبەستێت، دەبێتە هۆی پڕکردنی ئامێرەکان بە ئاگادارکردنەوەی (Alerts) ناڕوون کە وەک پەیامی فەرمی دەردەکەون، ئامانجی فێڵبازەکان لەم کارە، دروستکردنی دڵەڕاوکێ یان راکێشانی بەکارهێنەرانە بۆ پێدانی زانیارییە کەسییەکانیان، وەک وشەی نهێنی یان زانیارییەکانی هەژماری بانکی.
پسپۆڕانی ئاسایش روونیان کردووەتەوە، "هێرشەکە بەزۆری کاتێک دەستپێدەکات، بەکارهێنەر کلیک لەسەر لینکێکی خراپ دەکات لە کاتی گەڕان لە ئینتەرنێتدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببێتە هاوبەش (Subscribe) لە رۆژژمێرێکی شاراوەدا، دواتر فێڵبازەکان دەتوانن ژمارەیەکی بێسنوور ئاگادارکردنەوە راستەوخۆ بۆ ئامێرەکە بنێرن، کە رەنگە وەک ئاگادارکردنەوەی ئاسایشی بەپەلە یان پەیامی بردنەوەی خەڵات دەربکەون، ئەمەش وادەکات بەکارهێنەر بڕوایان پێ بکات."
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، "ئەم جۆرە هاوبەشییانە (Subscriptions) بە ناو فرۆشگای ئەپڵ (App Store) تێپەڕ نابن، ئەمەش وادەکات جێگەی متمانە بن و راگرتنیان قورس بێت، چونکە هێرشبەران سیستەمە کلاسیکییەکانی پاراستنیان تێپەڕاندووە، جەختیشیان کردووەتەوە، کۆمپانیای Apple بە هیچ جۆرێک ئاگادارکردنەوەی ڤایرۆس یان پەیامی ئاسایشی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی رۆژژمێرەوە نانێرێت".
پسپۆڕان ئامۆژگاری بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی ئەپڵ دەکەن، کارلێک لەگەڵ ئاگادارکردنەوە گوماناوییەکان نەکەن و کلیک لەسەر داوەتنامە نەناسراوەکانی رۆژژمێر نەکەن، هەروەها رێکخستنەکانی رۆژژمێر بپشکنن ئەگەر هەستیان بە ئاگادارکردنەوەی نائاسایی کرد، هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کێشەکە پەیوەندی بە هاوبەشییەکی نەخوازراوەوە هەیە و دەتوانرێت بەم شێوەیە چارەسەر بکرێت:
بچۆ بۆ Settings (رێکخستنەکان)، پاشان Apps (ئەپەکان)، پاشان Calendar (رۆژژمێر)، دواتر Calendar Accounts (هەژمارەکانی رۆژژمێر)، و پاشان Shared Calendars (رۆژژمێرە هاوبەشەکان)، لەوێ هەر هاوبەشییەکی نەناسراو بسڕەوە بۆ ئەوەی ئاگادارکردنەوەکان رابگیرێن.
هەروەها دەتوانرێت هاوبەشییە گوماناوییەکان راستەوخۆ لە ناو ئەپی رۆژژمێرەکەدا بسڕدرێنەوە بەم شێوەیە:
ئەپەکە بکەرەوە، کلیک لەسەر بژاردەی "Calendars" بکە، هاوبەشییە نەناسراوەکە هەڵبژێرە، کلیک لەسەر ئایکۆنی زانیاری (i) بکە، و پاشان وەک "Report Junk" (ساختە) دەستنیشانی بکە.
بەکارهێنەرانی مەکۆی r/Apple ئەزموونی هاوشێوەیان بڵاوکردووەتەوە و دووپاتیان کردووەتەوە کە بەکارهێنانی رۆژژمێر بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ بەکارهێنەران نیشانەیەکی روونی هەوڵی فێڵبازییە نەک هاککردنی راستەقینە، پێشنیازیان کردووە، رەزامەندی دەستی (Manual approval) بۆ داوەتنامەکانی رۆژژمێر چالاک بکرێت لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە ئیمەیڵەوە زیاد بکرێن.