سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان: راپۆرتەکەی کۆمیسیۆن مافەکانی کوردی پشتگوێ خستووە

کۆمیسیۆنی "یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، دەرەنجامی کارەکانی بڵاوکردەوە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی نیگەرانی و رەخنەی توندی سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستانی لێکەوتەوە و وەک هەوڵێک بۆ "بەڕێکردنی کات" و "پاشگوێخستنی مافەکان" وەسفی دەکەن.

راپۆرتەکەی کۆمیسیۆن لە 60 لاپەڕە و 7 بەش پێکهاتووە؛ بەشی سێیەم تەرخانکراوە بۆ باسی "برایەتیی کورد و تورک"، هاوکات بەشی شەشەم باسی پێشنیارە یاساییەکان دەکات.

سەرەڕای وەرگرتنی بۆچوونی 178 کەسایەتی لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە، سیاسەتمەدارانی کورد پێیان وایە راپۆرتەکە خۆی لە پێناسەکردنی راستەقینەی پرسی کورد دزیوەتەوە و باسی ئەو بێ یاساییانە ناکات رۆژانە بەرامبەر کورد ئەنجام دەدرێن.

سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان جەخت دەکەنەوە، تێڕوانینی دەوڵەت بۆ پرسی کورد گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

عەبدولحەی ئۆکوموش، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و دیموکراتانی کورد، سەبارەت بە راپۆرتەکە رایگەیاند، ئەم کۆمیسیۆنە هەر لە سەرەتاوە بۆ بەڕێکردنی دۆخەکە و کوشتنی کات دروست بوو؛ ئامانج لێی رەتکردنەوەی مافە بە کۆمەڵەکانی کورد بوو، لە ئەنجامی راپۆرتەکەشدا هیچ شتێکی روون و شەفاف بۆ چارەسەری پرسی کورد نابینرێت.

لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد کایا، سەرۆکی پارتی ماف و ئازادییەکان (HAK-PAR) ئاماژەی بەوە دا، راپۆرتەکە دەریخست عەقڵییەتی دەوڵەت نەگۆڕاوە. بە گوتەی ئەو، حکوومەت و دەوڵەت پرسی کوردیان تەنیا لە چوارچێوەی دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکاندا کورت کردووەتەوە و بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەری ریشەیی نییە؛ تەنانەت مافی زمانیش وەک مافێکی سروشتی بە فەرمی ناناسێنن.

پارت و رێکخراوەکانی باکووری کوردستان پێیان وایە کلیل و هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەری پرسی کورد بریتییە لە:

1. ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان.

2. ددانپێدانانی دەستووری و یاسایی بە زمانی کوردیدا.

3. گۆڕینی پێناسەی پرسی کورد لەلایەن دەوڵەتەوە لە پرسێکی ئەمنییەوە بۆ پرسێکی سیاسی و مافی.