دەشتی کەلهوڕی بۆ کوردستان24: بەمزووانە نوێترین بەرهەمم بڵاودەبێتەوە
دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "وەسێتنامەکەم"، کە بۆ خەڵکە رەسەنەکەی گەرمیان گوتوویەتی، بڕیارە بەمزوانە لە چەناڵی یوتیوبی خۆی بڵاوی بکاتەوە.
پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت: بەرهەمی "وەسێتنامەکەم"، کە بەبۆنەی بە قەزابوونی کەلار گوتوومە، لە ئاواز و گوتنی خۆمە، لە هۆنراوەی ئەکرەم هەیاسە، ئەمیر جەباریان کاری دابەشکردنی میوزیکەکەی بۆی کردووە.
دەشتی کەلهوڕی گوتیشی: ئەو گۆرانییە نوێیەم، دیارییەکە بۆ کەلار و خەڵکە رەسەنەکەی گەرمیان، هەروەها کارێکە کە تیایدا بە ئاواز و مەقامی گەرمیانی، سۆزی خۆم بۆ ئەو خاکە دەردەبڕم، لە بەشی کۆتایی ئەو بەرهەمەدا، وەسێتنامەیەک بە مەقام دەچڕم کە گوزارشتە لە قووڵایی خەم و شکۆی ئەو شارە.
دەربارەی درێژەدان بە گۆرانییە نیشتمانییەکانی، ئەو هونەرمەندە دەڵێت: من هەمیشە درێژە بەو بوارە دەدەم و بەرهەمی تریشم ئامادەیە بۆ نیشتمان لەکاتی خۆیدا بڵاوی دەکەمەوە، هەروەها من جگە لە بەرهەمی نیشتمانی، هەندێکجار بەرهەمی ئەوینیش پێشکەش دەکەم، بەڵام هەمیشە حەزم لە بەرهەمی نیشتمانییە، بۆیە بەردەوام دەبم لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەتایبەت بۆ کوردستان و ئەو کارەساتانەی بەسەرمان هاتووە.
جێگەی ئاماژەیە، گۆرانی "وەسێتنامەکەم" کە لە ئاواز و گوتنی دەشتی کەلهوڕییە، بڕیارە 28ی شوباتی 2026، لە چەناڵی یوتیوب بڵاوبکرێتەوە.
دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە شاری کەرکووک لەدایک بووە، بەڵام لە کەلار ژیانی بەسەر بردووە، ماوەی زیاتر لە 24 ساڵە لەدەرەوەی وڵات دەژی. دەشتی کەلهوڕی هەر لە منداڵییەوە هەست بە سەرهەڵدانی هونەری گۆرانیبێژی لەنێو ناخی خۆیدا دەکات و هەر لەو کاتەوە لەنێو خێزان و هاوڕێیانی گۆرانی دەچڕێت، بەڵام ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بە شێوازێکی تەواو دەستی بە هونەری گوتنی گۆرانی کردووە و زۆربەی کارە هونەرییەکانیشی نیشتمانین.