بۆچوونی ئێرانییهكان سهبارهت به دانوستانهكانی جنێڤ
هاووڵاتییانی ئێران جیا لە دۆخی خراپی ئابووری، نیگەرانی هێرشی ئەمریکان بۆ سەر وڵاتەکەیان. بەشێک لەوان هیچ هیوایەکیان بەو دانوستانانە نییە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت و دەڵێن، جەنگ 100% روو دەدات.
حەبیب، دانیشتووی تاران رایگەیاند، "بە رای من دانوستانەکانی جنێڤ بە هیچ شێوەیەک دەسکەوتیان نابێت، لەبەر ئەوەی ئەوان شتێکیان دەوێ و ئەمانیش ملکەچی ویستەکانی ئەمریکا نابن."
حەبیب دڵنیایە لە روودانی پێکدادان و ئاماژەی بەوە دا، "جەنگ 100% روو دەدات، لەبەر ئەوەی ئەم رەوتەی دەبینین ئەنجامەکەی جگە لە جەنگ هیچی دیکە نییە."
لەم نێوەدا کەسانێکیش هەن پێیان وایە هەرەشەکانی ئەمریکا تەنیا بۆ ترساندنی ئێرانە و هیچ جەنگێک روو نادات.
مەهدی، دانیشتووی تاران گوتی، "ئەوەی ئەمریکییەکان دەیکەن هەمووی فیلمە و هیچیان پێ ناکرێت، جەنگ روو نادات. دانوستان دەکەن و 100% دەگاتە ئەنجام."
بەشێک لە هاووڵاتییانیش دەڵێن، جەنگ روو بدات یا نا گرنگ ئەوەیە ئەم دۆخە خراپەی ئێستا نەمێنێت و بەلایەکدا بکەوێت.
تەیبە، دانیشتووی تاران باسی لەوە کرد، "ترامپ قسەی کرد و گوتی بۆ ئێران زۆر خراپ دەبێ، قاتی و قڕی دەبێ و خەڵک ئازار دەچێژن. خەڵکی ئێمە ئێستاش لە ئازاردان، لانیکەم با یەکلایی بینەوە بزانین بەملادا دەکەوین یا بەولادا."
بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران دەڵێن، خۆیان بۆ هەموو سیناریۆیەک و تەنانەت جەنگیش ئامادە کردووە، بەڵام دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوخۆی ئێران، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە دۆخی خراپی ئابووری، نابەرابەری و ناهاوسەنگیی هێزی سەربازیی ئێران لە بەرانبەر ئەمریکادا، دەسەڵاتدارانی ئێرانی خستووەتە دۆخێکی زۆر دژوارەوە.