بەدر ئەلبوسەعیدی: دانوستانهکانی جنێڤ داهێنەرانە و ئەرێنی بوون
وەزیری دەرەوەی عوممان رایگەیاند، دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ داهێنەرانە و ئەرێنی بوونە. هیواشی خواستووە پێشکەوتنی زیاتری لێ بکەوێتەوە.
پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، کە لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکادا رۆڵی ناوبژیوان دەگێڕێت، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نوسیوویەتی: شاندی دانوستانی ئێران و ئەمریکا بۆ وچانێک شوێنی دانوستانیان جێهێشت و بڕیارە هەر ئەمڕۆ درێژە بە دانوستانەکان بدەن.
ئەلبوسەعیدی راشیگەیاند، دانوستانەکانی ئەمڕۆ داهێنەرانە و ئەرێنی بوونە و دوای چەند کاتژمێری دیکە دەست پێدەکاتەوە، هیواشی خواستووە پێشکەوتنی زیاتری لێ بکەوێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە جنێڤ، گوتی: شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەیان گفتوگۆیەکی چڕ و پڕی بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام داوە.
بەقایی ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی کەسایەتییە دیارەکان، لەوانە وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عوممان و بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەڕێوە چوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە، کە هەردوو تیمی دانوستانکاری ئەمریکی و ئێرانی، دید و بۆچوونەکانی خۆیان بە شێوەیەکی جیددی خستە روو.
ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە جنێڤ، بە نێوەندگیریی وەزیری دەرەوەی عوممان و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەڕێوە چوو.
شاندی هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا، دوای سێ کاتژمێر لەو گفتوگۆی چڕ و پڕەی نێوانیان، کۆتاییان بە قۆناغی یەکەمی گەڕی سێیەمی دانوستان هێنا، بڕیارە چەند کاتژمێرێکی دیکە قۆناغێکی دیکەی دانوستان لە نێوانیان دەست پێبکاتەوە.