تونجەر باکرهان: بۆ سەرخستنی ئاشتی دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی قەیووم بهێنرێت

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی قۆناخی نوێی پرۆسەی ئاشتی، پێویستە کۆتایی بە سەپاندنی قەیووم بهێنرێت و هاوسەرۆکە شارەوانییە دورخراوەکان بگەڕێندرێنەوە سەر کار و ئەرکەکانیان.

دەم پارتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، بە بەشداری تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکە لە بەردەم شارەوانیی گەورەی دیاربەکر چالاکییەکی لە ژێر دروشمی " ئێمە بەرگریی لە ئیرادەی خۆمان دەکەین، دەنگمان دژی سەپاندنی قەیووم بەرز دەکەینەوە" بەڕێوەبرد، کە هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی پارێزگا و ناوچەکانی سەر بە دەم پارتی بەشدار بوون. 

باکرهان رایگەیاند، گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان لەگەڵ هاوسەرۆک شارەوانییەکاندا هەبووە. ئاماژەی بەوە کرد لە ساڵی 1999ـەوە خاوەنی ئەزموونی بەڕێوەبەریی خۆجێیین؛ گوتیشی: هەرچەندە لە قۆناخە جیاوازەکاندا پچڕانی تێکەوتووە، بەڵام پڕۆژەی دیموکراتیک، شەفاف، کاراو کاریگەر، ئازادیی ئافرەتان و دۆستی ژینگەیان جێبەجێ کردووە. 

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو کار و پرۆژانە کردووە، کە پێویستە بەڕێوەبەرە خۆجێییەکان لە قۆناخی داهاتوودا جێبەجێیان بکەن.

هەروەها ئاماژەیدا، لە 2016ـەوە تا ئێستا، ئەمە سێ خولە ئیرادەی گەل زەوت دەکرێت و شارەوانییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی بەڕێوەدەبرێن، گوتی: زەوتکردنی پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان بە قەیووم، بووەتە شەرمەزاریی بۆ وڵات. 

گوتیشی: لە دوایین هەڵبژاردنەکاندا هاووڵاتیان بە هەڵبژاردنی پارتەکەیان، هەڵوێستی خۆیان دژی قەیوومەکان دەربڕیوە و پێویستە کۆتایی بە سەپاندنی سیاسەتی قەیووم بهێنرێت.

تونجەر باکرهان گوتی: لە قۆناخێکدا کە باس لە 'پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی' دەکرێت، پێویستە شارەوانییەکان رادەستی نوێنەرانی راستەقینەی گەل بکرێننەوە. جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە 13 هاوسەرۆک شارەوانی کە پۆستەکانیان زەوتکراوە، بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بۆ ئەمەش دەتوانرێت رێکاریی یاسایی بگیرێتەبەر. 

هەر لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەیووم، هاسەرۆکی گشتیی دەم پارتی گوتی: شارەوانییەکانی ئێلح، مێردین و خەلفەتی دەستیان بەسەرداگیراوە، بەڵام ئەو هەنگاوانەی وەزیری نوێی ناوخۆی لەمبارەیەوە دەیاننێت، دەتوانێت خزمەت بە پرۆسەکە بکات، بە تایبەت لەم مانگەدا دەکرێت هەنگاوی کردەیی بنرێن، چونکە لابردنی قەیووم دەتوانێت ببێتە یەکەم هەنگاوی قۆناخە نوێیەکەی پرۆسەی ئاشتی.

گوتیشی: بۆ سەرخستنی ئەم قۆناخە نوێیە، پێویستە کۆتایی بە سەپاندنی قەیووم بهێنرێت، چونکە گەل دەیەوێت لە بری قسە، هەنگاوی کردەیی ببینێت. بۆیە گەڕاندنەوەی ئەو هاوسەرۆک شارەوانییانەی لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەە، دەتوانێت دەسپێکی هەناوێکی گرنگی قۆناغە نوێیەکە.