قۆناغی دووەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە جنێڤ دەستی پێکرد

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاوی کردەوە، قۆناغی دووەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستی پێکرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، بە نێوەندگیریی سەڵتەنەتی عوممان، قۆناغی دووەمی گەڕی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شاری جنێڤ دەستی پێکرد.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە جنێڤ، گوتی: شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەیان لە قۆناغی یەکەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان، گفتوگۆیەکی چڕ و پڕی بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام داوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لەسەر بنەماکانی دانوستان کردەوە و گوتی: "هەڵوێستەکانمان جێگیر و نەگۆڕن، چەندین پێشنیار گەڵاڵە کراون، بەڵام "هەندێک لەو پێشنیارانە پێویستیان بەوەیە کە راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتییەکان لە پایتەختەکان بکرێت" پێش ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لەسەر بدرێت.

ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە جنێڤ، بە نێوەندگیریی وەزیری دەرەوەی عوممان و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەڕێوە چوو.