بەغدا و تاران جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و سەرخستنی دانوستانەکانی جنێڤ دەکەنەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، بەگرنگییەوە باس لە پێشوەچوونەکانی جنێڤ دەکات و هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە گفتوگۆ تاکە رێگەی گونجاوە بۆ چارەکردنی کێشەکان. هاوکات جەختیان لە پێویستی دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی جە

هەینی، 27ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوایین پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە رەوتی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتنیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە میانی پەیوەندییەکەدا، عێراقچی کۆی پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە رەوتی دانوستانەکانی خستووەتە روو، هاوکات ناوەڕۆکی گفتوگۆ ئەنجامدراوەکان و هەنگاوەکانی داهاتووی روون کردووەتەوە، لەگەڵ ئاماژەدان بە کاتە پێشبینیکراوەکان بۆ کۆبوونەوەی لیژنە تەکنیکییەکان و لیژنەی دانوستانکار.

لە بەرانبەردا، فوئاد حوسێن "سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئاگادارکردنەوەی لە وردەکاری و رەوتی دانوستانەکان" و ستایشی "ئەو پێشوەچوونانەی کرد کە لە دانوستانەکانی جنێڤدا بە دەست هاتوون".

ناوبراو جەختیشی کردەوە لەسەر "گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ وەک باشترین و گونجاوترین رێکار بۆ چارەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە دانوستانەکان گونجاوترین ئامرازن بۆ چارەکردنی کێشەکان، هاوکات دووپاتیان کردەوە لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی هەڵکشان و جەنگ، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمایەتی".

هاوکات هەردوولا رێککەوت لەسەر بەردەوامبوون لە هەماهەنگی و راوێژ، بۆ قۆناغی هەستیاری داهاتوو.

دوێنێ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، گەڕی سێیەمی دانوستانی ئەتۆمیی ناڕاستەوخۆ، لە نێوان شاندەکان ئێران و ئەمریکا، بە نێوەندگیریی عوممان، لە جنێڤ بەڕێوە چوو.