چین داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بە زووترین کات ئێران جێبهێڵن

حکوومەتی چین رێنمایی دەداتە هاووڵاتییانی کە گەشت بۆ ئێران نەکەن و داواش لەوانە دەکات کە ئێستا لەو وڵاتەن بە زووترین کات ئێران جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکانەوە دێت.

ئاژانسی هەواڵی "شینخوا"ی فەرمیی چین، رۆژی هەینی 27ی شوباتی 2026 بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی چین لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران، داوایان لە هاووڵاتییانی چین کردووە بە ئەوپەڕی وریاییەوە رێکارەکان بگرنەبەر و تاوەکوو گەشتە ئاسمانییە نەوەستاون، ئێران جێبهێڵن.

بەرپرسانی چین جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە وەک وەڵامێک بۆ تێکچوونی رەوشی ئەمنی ناوچەکە دراوە، هەروەها هانی هاووڵاتییانیان دەدەن کە رێکاری پێویست بگرنەبەر و بە وردی چاودێری پێشهات و گۆڕانکارییەکان بکەن.

ئەم هۆشدارییەی بەیژینگ لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا ئاستی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەهۆی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتووەتە ترۆپک. چین کە هاوبەشێکی ستراتیژیی تارانە، بە دەگمەن داوا لە هاووڵاتییانی دەکات وڵاتێکی دۆستی وەک ئێران جێبهێڵن، ئەمەش لای چاودێران وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری روودانی پەرەسەندنێکی سەربازیی کتوپڕ لە ناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە. پێشتریش چەندین وڵاتی ئەوروپی و رۆژئاوایی هاوشێوەی ئەم هۆشدارییەیان ئاراستەی هاووڵاتیانیان کردبوو.