ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: نەمانتوانیوە بگەین بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دوو راپۆرتی وەرزیی سەبارەت بە ئێران بۆ وڵاتانی ئەندام ناردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، تیمەکانیان نەیانتوانیووە بگەن بەو دامەزراوانەی کە پیتاندنی یۆرانیۆمیان تیادا ئەنجام دەدرێت.
هەینی 27ـی شوباتی 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، رایگەیاند، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئاژانسەکە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بگاتە هیچ کام لەو چوار دامەزراوەیەی پیتاندنی یۆرانیۆم کە ئێران رایگەیاندوون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو 13ـی حوزەیران، بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە ڕێژەی 60% بە نزیکەی 440.9 کیلۆگرام دەخەمڵێندرێت.
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، ناتوانێت هیچ زانیارییەک لەسەر قەبارەی ئێستا یان شوێنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بخاتە روو، یان بزانێت ئایا هەموو پرۆسەکانی پیتاندنی راگرتووە یان نا.
هەروەها دەڵێت:"شوێنی وردی ئەو دامەزراوەیەی پیتاندنی یۆرانیۆم نازانێت کە ئێران لە ئەسفەهان رایگەیاندووە، یان ئایا کەرەستەی ئەتۆمی تێدایە یان لە کاردایە".
ئاژانسەکە جەختی کردووەتەوە،"رێگریی ئێران لە ئاژانسەکە بۆ گەیشتن بە دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئەسفەهان، لەو کاتەوەی لە مانگی حوزەیران بۆ یەکەمجار رایگەیاندووە، نیگەرانی زیاتر دروست دەکات".
لە کۆتاییدا ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، زۆر گرنگە بەبێ دواکەوتنی زیاتر، چالاکییەکانی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە ئێران ئەنجام بدات.