ئەپڵ کاتی راگەیاندنی بەرهەمە نوێیەکانی ئاشکرا دەکات
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ، رایگەیاند، کۆمپانیاکە لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە دەست دەکات بە راگەیاندنی بەرهەمە نوێیەکانی، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە سەرەتای زنجیرەیەک بڵاوکردنەوە دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلی iPhone 17e ئاشکرا بکرێت.
هەینی 27ـی شوباتی 2026، تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ( ئێکس ) نووسیویەتی: "هەفتەیەکی گەورەمان لە پێشە، هەموو شتێک رۆژی دووشەممە دەست پێدەکات."
راگەیاندنەکەی کوک دوای ئەوە هات کە پێشتر هەندێک راپۆرت ئاماژەیان بەوە کردبوو، کۆمپانیای ئەپڵ بەنیازە لە مانگی ئازاردا و لە ماوەی هەفتەیەکدا بەرهەمە نوێیەکانی رابگەیەنێت، نەک تەنها لە یەک رۆژدا وەک ئەوەی پێشتر باو بوو.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "9to5Mac" " کە تایبەتە بە هەواڵە تەکنەلۆژییەکان، ئەپڵ پلانی داناوە لە رۆژی دووشەممە 2ـی ئازارەوە دەست بکات بە راگەیاندنی ئامێرە نوێیەکان، و پێشبینی دەکرێت پڕۆسەی راگەیاندنەکە زیاتر لە رۆژێک بخایەنێت.
هەروەها ئەپڵ رۆژی چوارشەممە 4ـی ئازار، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە نیویۆرک، لەندەن و شەنگەهای ساز دەکات، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت یەک وتاری سەرەکی (Keynote) هەبێت، بەڵکو پێدەچێت لە ماوەی چەند رۆژێکدا چەندین بەیاننامەی رۆژنامەوانی لەگەڵ ڤیدیۆی تایبەت بە بەرهەمەکان بڵاو بکرێنەوە.
پێشبینی دەکرێت ئەپڵ کۆمەڵێک بەرهەمی نوێ رابگەیەنێت، لەوانە مۆبایلی iPhone 17e، ئایپادی نوێکراوە و ماکبووکێکی هەرزان کە تایبەت بێت بە کاروباری ئابووری.
ساڵێک لەمەوبەر، ئەپڵ مۆبایلی کۆنی iPhone SEـی بە مۆبایلی iPhone 16e گۆڕی وەک مۆدێلێکی هەرزان لە زنجیرە مۆبایلەکانیدا، ئێستا پێشبینی دەکرێت ئەپڵ ساڵانە ئەم جۆرە مۆبایلە هەرزانەی خۆی نوێ بکاتەوە.
جگە لەمانە، نەوەی یازدەهەمی ئایپادی بنەڕەتی کە ساڵێک لەمەوبەر دەرچوو، رەنگە لە وەشانە نوێیەکەیدا تایبەتمەندییەکانی ژیریی دەستکردی (Apple Intelligence)ـی بۆ زیاد بکرێت، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئایپاد ئێر (iPad Air) لە چیپی M3ـەوە بۆ چیپی نوێی M4 بەرز بکرێتەوە.
سەبارەت بە کۆمپیوتەرەکانی ماک، چاوەڕوان دەکرێت بۆ یەکەمجار چیپێکی زنجیرەی A (کە هاوشێوەی چیپی ئایفۆنەکانە) لەناو یەکێک لە ئامێرەکانی ماکدا ببینرێت، هەروەها بڕیارە ئامێرەکانی MacBook Air بە چیپی M4 و MacBook Pro بە چیپەکانی M4 Pro و M4 Max نوێ بکرێنەوە، ئەپڵ پێشتر چیپی M5ـی راگەیاندووە، بەڵام ئێستا تەنها لە ئامێرەکانی MacBook Pro و iPad Proـی 14 ئینجیدا بەردەستە.
هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەپڵ ئەمساڵ شاشەی نوێ بۆ کۆمپیوتەرە دیسکتۆپەکان (Desktop) رابگەیەنێت.