لە میلانۆ ترامێک لە رێڕەو دەرچوو و دەیان کەس بوونە قوربانی
دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا رایانگەیاند؛ لە ئەنجامی وەرگەڕان و لە رێڕەو دەرچوونی ترامێک لە ناوەڕاستی میلانۆ، کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتەوە و تێیدا 2 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد، ترامەکە یەکێکە لە مۆدێلە نوێیەکانی گواستنەوەی شارەکە، لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری ناوەندیی لە رێڕەوی خۆی لایداوە و بەهێز کێشاویەتی بە پەنجەرەی دوکانێکدا.
خزمەتگوزاری فریاکەوتنی ناوخۆیی رایگەیاندووە؛ دەستبەجێ 13 ئەمبولانس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. هەروەها شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن تیمەکانی پاراستنی مەدەنی چادرێکی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردنی سەرەتایی بریندارەکان لە شوێنەکەدا هەڵداوە.
کۆمپانیای (ATM) کە بەرپرسی گواستنەوەی میلانۆیە، لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆی بۆ ڕووداوەکە دەربڕی و هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییان راگەیاند. کۆمپانیاکە جەختی کردەوە، لە نزیکەوە لەگەڵ دەسەڵاتداران کاردەکەن بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەکنیکی یان مرۆیی لە پشت لە رێڕەو دەرچوونی ترامەکە.