زاخارۆڤا: زێلێنسکی خەون بە چەکی ئەتۆم دەبینێت

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، رەخنەی توند لە ڤلادیمێر زێلێنسکی دەگرێت و رایدەگەیەنێت؛ ناوبراو بە ئاشکرا ئارەزووی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نیشانداوە، ئەمەش وەک "دانپێدانانێک" لەقەڵەم دەدات.

ماریا زاخارۆڤا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "تاس" ئاماژەی بەوە کرد، ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بەبێ رەچاوکردنی هیچ لایەنێکی تاکتیکی، دانی بەوەدا ناوە "دڵخۆش دەبێت" ئەگەر چەکی ئەتۆمی لە فەرەنسا یان بەریتانیاوە پێ بگات.

زاخارۆڤا گوتی: "هەر کەسێکی دیکە لە شوێنی ئەو بوایە، لەبەر هۆکاری تاکتیکی بێدەنگ دەبوو، بەڵام زێلێنسکی نەیتوانی خۆی راگرێت. ئەو هەمیشە دەڵێت گەمژە نییە، بەڵام ئەمجارەیان پەردەی لەسەر بێدەنگیی بەردەوامی لەندەن و پاریس لادا و راستییەکانی درکاند."

ئەم کاردانەوەیەی رووسیا دوای چاوپێکەوتنێکی زێلێنسکی دێت لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوز". کاتێک چاوپێکەوتنکارەکە پرسیاری لێکرد سەبارەت بە راپۆرتەکانی هەواڵگری رووسیا (SVR) کە دەڵێن ئۆکرانیا بە هاوکاریی بەریتانیا و فەرەنسا هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، زێلێنسکی لە وەڵامدا گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە."

هەرچەندە زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا هیچ پێشنیازێکی فەرمیی لەو بارەیەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام دووپاتی کردەوە، ئامادەیە بە خۆشحاڵییەوە وەری بگرێت.

دەزگای هەواڵگری دەرەوەی رووسیا (SVR) لە راپۆرتێکدا زانیاریی نوێی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: بەریتانیا و فەرەنسا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئۆکرانیا ناتوانێت بە شێوەی سەربازیی ئاسایی بەسەر رووسیادا سەربکەوێت. هەروەها نوخبە سیاسییەکانی ئەو دوو وڵاتە نایانەوێت شکست قبوڵ بکەن، بۆیە بیر لە پڕچەککردنی کیێڤ دەکەنەوە بە "بۆمبی ئەتۆم" و ئامانجەکە ئەوەیە ئۆکرانیا لە رێگەی هەڕەشەی ئەتۆمی یان بۆمبەوە، مەرجی باشتر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەستەبەر بکات.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەڵمانیا بە ژیرییەوە رەتیکردووەتەوە بەشداریی لەم سەرگەرمییە مەترسیدارەدا بکات.

لەلایەکی دیکەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا (کرێملین) هۆشداریی دا و رایگەیاند؛ هەر هەوڵێکی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ ناردنی بۆمبی ئەتۆمی بۆ ئۆکرانیا، "پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە" و دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت بۆ ئاسایشی جیهان.