عەباس عێراقچی بۆ فوئاد حوسێن: تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە ئامانج دەگرین
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێگەیشت و پێی راگەیاندووە ئێران مافی خۆیەتی بەرگریی بکات.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە پێشهاتەکانی دۆخی سەربازی ئێران کرد کە ئەم بەرەبەیانە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کراوەتە سەر و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی.
عەباس عێراچی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران وەک وەڵامێک بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج، ئەمەش بە مافی خۆی دەزانێت وەکو بەرگریکردنە لە وڵاتەکە، روونیشی کردەوە، ئەم هێرشانە ئەو وڵاتانەی تێوەگلاون بە ئامانج ناگرن، بەڵکو تەنیا لە شوێنە سەربازییەکاندا سنووردار بوون.
فوئاد حوسێن جەختی لە هەڵوێستی پتەوی عێراق کردەوە بەرامبەر بە کردە سەربازییەکان و دووپاتی کردەوە، شەڕ ناتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها گفتوگۆ و کەمکردنەوەی توندوتیژی نوێنەرایەتی باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت.