ئەمریکا هێرشکردنە سەر کەشتییەکی رەتکردەوە و ئێرانیش گەرووی هورمزی داخست

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، رەتیکردەوە کە هیچ کەشتییەکی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هێرشی کرابێتە سەر و ئەو هەواڵانەی بە ناڕاست و پڕوپاگەندە ناوبرد.

شەممە 28ـی شوباتی 2026، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد:"ئەو بانگەشانەی سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە هێرشکردنە سەر یەکێک لە کەشتییەکانمان و کوژران و برینداربوونی 200 سەربازی ئەمریکی، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە."

ئەم رەتکردنەوەیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، کەشتییەکی پشتیوانی سەربازیی ئەمریکایان لە جۆری (MST) بە مووشەک پێکاوە و هۆشداریشی دابوو کە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام بن، سەرجەم کەشتی و بنکە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی مووشەک و درۆنەکانی سوپای پاسداران.

لە لایەکی دیکەوە دامەزراوەی "ئەسپیدێس"ی ئەوروپی، رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی داخستووە.

 بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو دامەزراوەیە، کەشتییەکان پەیامێکی دەنگییان لە سوپای پاسدارانەوە پێگەیشتووە کە تیایدا هاتووە رێگە بە هیچ کەشتییەک نادرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بێت.

لەم چوارچێوەیەدا، چوار سەرچاوەی بازرگانی ئاشکرایان کردووە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەکانی تاران، بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و بازرگانی، گواستنەوەی نەوتی خاو و سووتەمەنییان لە گەرووی هورمزدا راگرتووە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە کۆمپانیا بازرگانییەکانەوە بڵاویکردەوە: "کەشتییەکانمان بۆ چەند رۆژێک لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و ناجوڵێن".

هاوکات ئاژانسی "فارس"ی ئێرانیش پشتڕاستیکردەوە کە هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز بە تەواوی وەستاوە.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی پێشوەختەی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و بەرپرسێکی ئەمریکیش بەشداریی هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی لەو هێرشانەدا پشتڕاستکردەوە، کە بە مەبەستی تێکشکاندنی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران ئەنجامدراون.

هاوکات میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە چەندین تەقینەوە لە ناوەڕاستی تاران روویداوە و دووکەڵێکی چڕ لە نزیک ناوچەی حکوومی (باستوور) بەرزبووەتەوە.

 هەروەها راپۆرتەکان ئاماژە بە پچڕانی بەشێکی هێڵەکانی پەیوەندی و داخستنی ئاسمانی ئێران تا کاتێکی نادیار دەکەن، بەڵام تا ئێستا ئاماری فەرمی زیانە گیانی و ماددییەکان بڵاونەکراوەتەوە.