وەزارەتی بەرگریی کوەیت: بەردەوامین لە بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان

وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە بەردەوامن لە تێکشکاندنی مووشەکە بالیستی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. ئاشکراشی کرد کە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی مووشەکەکان لە بنکەیەکی ئاسمانی، ژمارەیەک سەرباز بریندار بوون.

شەممە، 28ـی شوباتی 2026،  سعود عەتوان، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی کوەیت، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ پاراستنی ئاسمانی کوەیت و سەروەریی وڵات بەردەوامن.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە دا، لە ئەنجامی مامەڵەی بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ مووشەکەکان، پارچەی مووشەک و درۆنەکان لەناو "بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم" کەوتوونەتە خوارەوە. بەو هۆیەوە سێ کارمەندی هێزە چەکدارەکان بە سووکی بریندار بوون و زیانێکی ماددیی کەمیش بەر شوێنەکە کەوتووە.

ناوبراو دڵنیایی دا کە ئەم رووداوە هیچ کاریگەریی لەسەر ئاستی ئامادەیی ئۆپەراسیۆنی و جەنگیی هێزەکان نەبووە و بەرگریی ئاسمانیی کوەیت لە چوارچێوەی سیستەمێکی بەرگریی یەکگرتوودا کارەکانی دەکات.

گوتەبێژەکە  داوای لە هاووڵاتییان و دانیشتووان کرد، تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ بەدوور بگرن.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.