سوودانی و ماکرۆن: دیپلۆماسی تاکە رێگەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان

سوودانی و ماکرۆن جەخت لە راگرتنی پەرەسەندنە سەربازییەکان دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان کردەوە کە بەکارهێنانی هێز چارەسەر نییە، بەڵکو دەبێت بە پەلە پەنا بۆ دیالۆگ و رێگەچارەی دیپلۆماسی ببرێت بۆ رێگریکردن لە وێرانکاریی زیاتر.

شەممە، 28ـی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سوودانی و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای ئاشکرا کرد.

بە پێی راگەیەنراوەکە، تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان بریتی بووە لە تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی دۆخی ئەمنی لەسەر سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە.

هەردوولا بە توندی سەرکۆنەی پەرەسەندنە سەربازییەکانیان کردووە و داوایان کردووە خۆ لە بەکارهێنانی هێز بەدوور بگیرێت.

سوودانی و ماکرۆن هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە تاکە رێگە بۆ چارەسەری قەیرانەکە و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ناسەقامگیری، بریتییە لە "دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی".

هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە وڵاتە زلهێزەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رۆڵی خۆیان لە پاراستنی ئاشتیی هەرێمی و جیهانیدا بگێڕن.

ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.