سوپای پاسداران: هێرشەکانمان بۆ سەر ناوچەکە بەردەوام دەبن

سوپای پاسداران: بە درۆن و مووشەک 14 ناوەندی سەربازی ئەمریکی و ئیسرائیلمان لە ناوچە کردووەتە ئامانج

شوێنی هێرشەکەی ئێران لە بەحرێن
شوێنی هێرشەکەی ئێران لە بەحرێن

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەید، ناوەندی هێزی دەریایی سوپای ئەمریکایان لە بەحرەین و چەند بنکە و بارەگایەکی دیکەی هێزەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردووە ئامانج.

لە دووەم بڵاوکراوەی ئەمڕۆ شەممە 28ی سوپای پاسداران لە بارەی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رایگەیاندووە،  لە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستەقینەی چوارەم لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا، بە مووشەک و درۆن بە لەمی بنکەی سەرەکەی پێنجەم هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین و بنکەکانی دیکەی ئەمریکا لە قەتەر و ئیمارات کردووەتە ئامانج.

هەروەها ئاماژەیداوە "لە ناوجەرگەی خاکی داگیرکراو، ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل کراوەتە ئامانجی هێرشەکانی سوپای پاسداران".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە "وەڵامدانەوەی دەسدرێژییەکانی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بە هێرشی فراوانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی ناوچەکە دەستیپێکردووە و هێرشی مووشەکی و درۆنی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی ناوچەکە بەردەوام دەبن.

هەر بە گوێرەی بڵاوکراوەکانی فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران، لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە سێ درۆنی جۆری هێرمزیان لە ئاسمانی شارەکانی خومەین، تەورێز، ئەهواز تێکشکێندراون.

هەر لە بارەی هێرشەکانەوە، گوتەبێژی فەرماندەیی خاتەم ئەلئەنبیای سوپای پاسداران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: ئەمریکا و ئیسرائیل بە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە سەلماندیان بە دەستدرێژیکردنە سەر ئێران، جگە لە زمانی توند هیچ زمانێکی دیکە تێ ناگەن و مەرامە دڕندەکانیان بە هەموو جیهان پیشاندا.

گوتیشی: بە هێرشەکانی ئەمڕۆیان قوتابی، منداڵ و خەڵکی سڤیلیان خەڵتانی خوێن کرد، بەڵام هێزە چەکدارەکانی ئێران لە وەڵامی ئەو هێرش و دەستدرێژیانەدا بەو پەڕی وردی و لەبەرچاوگرتنی گیانی خەڵکی سڤیل، 14 ناوەندی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە ناوچەکە بە ئامانج گرتووە و سەدان سەربازیی ئەمریکی و ئیسرائیل کوژراون.