ماکرۆن: ئاگاداری هێرشەکانی سەر ئێران نەبووین
سەرۆکی فەرەنسا داوا لە ئەمەریکا و ئێران دەکات بە رێگەی دیپلۆماسی کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئاشکراشی کرد، وڵاتانی ئەوروپا لە هێرشەکان ئاگادار نەکرابوونەوە و بەشداریی هێرشەکانیش ناکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، لە میانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی بەرگری وڵاتەکەی ئەمشەو شەممە 28ـی شوباتی 2026، بەڕێوەچوو، رایگەیاند کە پێویستە رێگەی دیپلۆماسی لە پێشینە بێت بۆ هێورکردنەوەی ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی ترەوە دروستبووە.
ماکرۆن لە کۆبوونەوەکەدا کە لە کۆشکی ئەلیزێ بەڕێوەچوو، جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا نە ئاگادارکراوەتەوە و نە بەشداریش بووە لەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجامیان داوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوپەیمانەکانی تریان و وڵاتانی ناوچەکەش بە هەمان شێوە بێئاگا بوون لەو هێرشانە.
سەرۆکی فەرەنسا گوتی: هیوادارم بتوانین هەموو دەسپێشخەرییە پێویستەکان بگرینە بەر بۆ ئەوەی دیپلۆماسی سەرکەوتوو بێت. هۆشداریشی دا لەوەی کە کێشە ئاڵۆزەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، چالاکییە بالیستییەکان و هەوڵەکانی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە تەنیا بە هێرشی سەربازی چارەسەر ناکرێن.
ئەم لێدوانانەی ماکرۆن دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەش هات لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و فریدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا. هەر سێ وڵاتە ئەوروپییەکە کە ئەندامی ناتۆن، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو کرد، بەڵام بە روونی رایانگەیاند: ئێمە بەشداریمان لەو هێرشانەی سەر ئێران نەکردووە.