ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی: تا ئێستا هیچ دزەکردنێکی تیشک لە ئێران تۆمار نەکراوە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) سەبارەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیامێکی بڵاو کردەوە و دڵنیایی دەدات کە تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی تیشکدانەوە تۆمار نەکراوە، بەڵام داوای دوورکەوتنەوە لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەکات.

شەممە 28ـی شوباتی 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، بە وردی و لە نزیکەوە چاودێریی پەرەسەندنە خێراکانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ئاژانسەکە لە راگەیەندراوێکدا داوای دانبەخۆداگرتن دەکات بۆ ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر سەلامەتیی ئەتۆمی دروست نەبێت کە ژیانی خەڵکی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.

سەبارەت بە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددەی تیشکدەر بەهۆی هێرشەکانەوە، ئاژانسەکە رایگەیاندووە: لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بوونی کاریگەریی تیشکدانەوە (Radiological impact) یان دزەکردنی ماددەی ئەتۆمی.

لە کۆتاییدا ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی دۆخەکە و هەر زانیارییەکی نوێ هەبێت رای دەگەیەنێت.