ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی هێرشەکەی سەر ئێران کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمشەو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بە پەلە سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات، هاوکات سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدار دەدات کە ئەم هەنگاوانە ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبار دەبەن.

شەممە، 28ـی شوباتی 2026، نێردەی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە ئەمشەو دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا تاوتوێ دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بە توندی سەرکۆنەی پەرەسەندنی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین."

گۆتێرێز جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی هێز لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیل، هەروەها وەڵامدانەوەی ئێران، هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

ناوبراو داوای کرد، هەموو لایەنەکان دان بە خۆیاندا بگرن و پابەندی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بن.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.