ئەعرەجی و فوئاد حسێن: نابێت رێگە بە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان بدرێت

هەردوو راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پێویستیی رێگریی لە پەرەسەندنی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

شەممە، 28ـی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی بڵاوی کردەوە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا دواین پێشهات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ.

بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەعرەجی ستایشی رۆڵی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان و دووپاتی کردەوە کە دەبێت هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش بەردەوام بن.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.