بورجی عەرەب و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی بۆردوومان کران
یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، ئیدارەی فڕۆکەخانەکانی دوبەی پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆی هێرشەکەوە زیانی کەم بەر یەکێک لە هۆڵەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی کەوتووە و چوار کارمەندیش بریندار بوون، بەڵام بەهۆی هەبوونی پلانی پێشوەختە، زۆربەی تێرمیناڵەکان پێشتر لە گەشتیاران چۆڵ کرابوون.
هاوکات، راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە درۆنێکی ئێرانی بەر هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی بورجی عەرەب کەوتووە، کە یەکێکە لە دیارترین نیشانە ناسراوەکانی دوبەی و لەسەر دوورگەیەکی دەستکرد دروستکراوە، بەڵام بەرپرسانی دوبەی ڕەتییان کردەوە و رایانگەیاند، بەهۆی تێکشکانی درۆنێک، ئاراستەکەی گۆڕاو و بەر بورجەکە کەوتووە.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، دەوڵەتی قەتەر باڵیۆزی ئێرانی لە دەوحە بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتی توندی وڵاتەکەی بەرانبەر بە هێرشکردنە سەر خاکەکەی پێ راگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە هێرشانە کارێکی بێباکانە و نابەرپرسیارانەن و هۆشداریشی دایە باڵیۆزەکە کە بەردەوامبوونی ئەم ڕەفتارانە بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات.