ترەمپ مردنی عەلی خامنەیی راگەیاند

سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کوژرانی ڕێبەری باڵای ئێرانی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە لە هێرشێکی وردی هەواڵگریی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیلدا توانیویانە خامنەیی و چەندین سەرکردەی دیکەی ئەو وڵاتە لەناو ببەن، هاوکات هۆشداریی کۆتاییشی دایە هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ ئەوەی خۆیان ڕادەست بکەن؛ گوتیشی: هێرشەکانمان بەردەوام دەبن.

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی فەرمیدا کە لە هەژماری خۆی لە "Truth Social" بڵاوی کردەوە، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند و وەک دادپەروەری بۆ گەلی ئێران و ئەمریکییەکان وەسفی کرد.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا خامنەیی بە "یەکێک لە شەڕەنگێزترین کەسەکانی مێژوو" ناوبرد و گوتی: "خامنەیی نەیتوانی لە دەست سیستەمە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکانی ئێمە و ئیسرائیل رزگاری بێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لە خامنەیی، چەندین سەرکردەی تری ئێرانی لەگەڵ ئەودا کوژراون و هیچ شتێکیان لەدەست نەهاتووە بەرانبەر هێرشەکان ئەنجامی بدەن.

سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە زانیارییان پێگەیشتووە کە زۆرێک لە ئەندامانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی ئێران چیتر نایانەوێت شەڕ بکەن و داوای پارێزبەندی لە ئەمریکا دەکەن.

ترەمپ هۆشداری پێدان و گوتی: ئێستا دەتوانن پارێزبەندییان هەبێت، بەڵام دواتر تەنیا مەرگیان بۆ دەمێنێتەوە. داواشی لێکردن بە ئاشتییانە بچنە پاڵ نیشتمانپەروەرانی ئێران بۆ وەرگرتنەوەی وڵاتەکەیان.

سەبارەت بە دۆخی سەربازی، ترەمپ رایگەیاند کە لە ماوەی تەنیا یەک رۆژدا ئێران وێران و تێکشکێنراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە بۆردوومانە قورس و وردەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک یان تا هەر کاتێک پێویست بێت بەردەوام دەبن. ئامانجی ئەم هێرشانەشی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گەڕاندەوە.

پەیامەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە، کە ئێوارەی شەممە 28ی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران سەلامەتن، بەڵام چەند بەرپرسێکی باڵا کوژراون.